پیت هێگسێت: ئەمشەو هێرش دەکەینە سەر ئێران
وەزیری جەنگیی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە وەڵامی خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرە ئەمریکییەکە 20 ئامانجیان لە ناوخۆی ئێراندا پێکاوە و، هۆشداریشی دا کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمشەو و سبەینێی ئەمریکا بۆ سەر تاران یەکجار بەهێزتر دەبن ئەگەر بێتو ئێران بڕیاری ژیرانە نەدات و رێککەوتن پێشنیارکراوەکە واژۆ نەکات.
چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمریکا، لەبەردەم باڵەخانەی وەزارەتەکە، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و تێیدا دۆخی سەربازیی ئێستا و پێشهاتەکانی ململانێی لەگەڵ تارانی خستە روو.
هێگسێت رایگەیان:د کە ئێستا دەرفەتێکی گونجاو لەبەردەم ئێراندا هەیە بۆ ئەوەی رێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن واژۆ بکات، بۆیە پێویستە سەرکردایەتیی تاران بڕیاری ژیرانە بدات و پەلە بکات لە رێککەوتن.
هۆشداریشی دا کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن و گوتی: "ئەو هێرشانەی کە ئەمشەو دەکرێنە سەر ئێران زۆر بەهێز دەبن و ئەوانەشی کە سبەینێ دەست پێدەکەن بە هەمان شێوە پڕکێش و کەمەرشکێن دەبن".
وەزیری جەنگیی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە هێزەکانی ئەمریکا گەرووی هورمزیان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە و ئێستا لەژێر دەسەڵاتی واشنتندایە.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە شەوی رابردوو، هێزەکانی ئەمریکا لە وەڵامی خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرە ئەمریکییەکە لە گەرووی هورمز، بە سەرکەوتوویی 20 ئامانجی ستراتیژییان لە ناوخۆی ئێراندا پێکاوە.
هێگسێت تیشکی خستە سەر بەراوردی هێز و چالاکییە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا و گوتی: زۆربەی ئەو مووشەکانەی دوێنێ ئێران ئاراستەی کردن ئامانجەکانی خۆیان نەپێکا؛ ئێمە بە وریایی و حیکمەتەوە بەرگری دەکەین و هێرشەکانی خۆمان بە تەواوی پیشەییانە و کارامەییانە ئەنجام دەدەین، چونکە زانیاریی یەکجار وردمان لەبەردەستدایە و بە تەواوی دەزانین چ شوێنێک دەکەینە ئامانج، بە پێچەوانەی ئێران کە بە شێوەیەکی نابەرپرسانە و ناپیشەییانە هێرشەکانی ئەنجام دەدات".
پیت هێگسێت جەختی لەوە کردەوە کە تواناکانی ئێران ئێستا زۆر سنووردار بوونەتەوە و ناتوانێت وەک رابردوو هێرشەکانی ئەنجام بدات، بۆیە دەبێت بەو رێککەوتنە رازی بن کە تەنانەت لە بەرژەوەندیی خودی ئێرانیشدایە.
هێگسێت گوتی: "ئێمە دەستی ئاشتیمان بۆ رێککەوتن درێژ کردووە و ئەوەی سەرۆک ترامپ پەسەندی دەکات رێککەوتنێکی باش و دادپەروەرانەیە بۆ ئێمە و ئێران".
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمشەو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو: واشنتن هاوشێوەی دوێنێ، گورزی زۆر بەهێز لە ئێران دەوەشێنێت.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی ئەمریکا چەندین پێگەیان لە باشووری ئێران بۆردومان کرد، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە ئێران هێلیکۆپتەرێکی جۆری ئاپاچی ئەمریکی لە گەرووی هورمز خستووەتە خوارەوە.
هێزەکانی ئێران لە بەرامبەردا بە هەڵدانی مووشەک و فرۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت، بەحرەین و ئوردن وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە، کە بەپێی زانیارییەکان سەرجەمیان لە لایەن سیستمی بەرگریی ئەمریکاوە تێکشکێندراون.