حکوومەتی لوبنان بۆ کوردستان24: باشووری وڵاتەکەمان وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنرێت
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی لوبنان دەڵێت، بەهۆی پێشێلکارییەکان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار کەس لەو وڵاتە کوژروان. ئاماژە بەوەش دەدات، باشووری وڵاتەکە وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی لوبنان بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، دانوستانەکانیان بە نێودەنگیریی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامن بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان، بەڵام جارێ نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی.
نووسینگەکە باسی لەوە کرد، حکوومەتی لوبنان پێی وایە، باشووری وڵاتەکە و دانیشتووانەکەی باجی بڕیارێک دەدەن کە خۆیان نەیانداوە و شەڕێک دەکەن کە شەڕی ئەوان نییە.
سەبارەت بە رۆڵی ئێرانیش، حکوومەتی لوبنان داوا لە تاران دەکات، چیتر مامەڵە لەگەڵ باشووری وڵات و دانیشتووانەکەیدا نەکات وەک کارتێک بۆ باشترکردنی مەرجەکانی دانوستانەکەی.
لەبارەی ژمارەی قوربانییانیش، نووسینگەکە روونیکردەوە، لە 17ـی نیسانەوە تاوەکو ئەمڕۆ؛ ئیسرائیل زیاتر لە 3500 جار ئاسمانی لوبنانی بەزاندووە و شەش هێرشی زەمینیشی کردووە.
نووسینگەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 3560 کەس کوژراون و نزیکەی 11 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل و لە 17ـی نیسانەوە تاوەکو ئەمڕۆ، 47 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی لوبنان کوژراون، لە نێویاندا 29 سەربازی سوپا، سێ کارمەندی هێزەکانی ناوخۆ، یەک کارمەندی ئاسایشی گشتی، 13 کارمەندی ئاسایشی دەوڵەت و یەک پۆلیسی پەرلەمان هەن.
لەبارەی ئاوارەبوونی هاووڵاتییانیشەوە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی لوبنان ئەوەی خستەروو، توانای لەخۆگرتنی ئاوارەکان لە شارەکانی بەیرووت و سەیدا گەیشتووەتە لووتکە و تەنیا لە باکووری وڵاتەکە شوێن ماوە. گوتیشی، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان لە باشوور، کاری لەپێشینەیانە.