وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بۆ کوردستان24: ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان واشنتن و تاران بەردەوامە

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان جەخت دەکاتەوە، سەرەڕای هێرشەکانی ئەم دواییە؛ ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان واشنتن و تاران بەردەوامە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، تاهیر ئەندارابی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند،  تا ئێستاش کەناڵەکانی پەیوەندیی دیپلۆماسی لە رێگەی پاکستان و قەتەرەوە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا کراوەن. 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان باسی لەوەش کرد، سەرەڕای هێرش و گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ئێران؛ بەڵام ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوام بوون و بەردەوامیش دەبن تا دەگەنە رێککەوتن. 

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای هێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان ئێران و ئیسرائی؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممەش، 11ـی حوزەیران؛ ئەمریکا ژمارەیەک هێرشی کردە سەر خاکی ئێران. 

بە گوێرەی راگەیەنراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، هێرشەکان بۆ سەر تواناکانی چاودێریی سەربازیی ئێران، سیستمەکانی پەیوەندی و پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا بوون.

سێنتکۆم جەختی کردووەتەوە، هێرشەکان بۆ بەرگری لەخۆکردن بوون لە دژی چەندان ئامانجی ئێران و لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵات بوون. دووپاتیشی کردەوە، "ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکن بۆ دەستدرێژییە بێ پاساو و بەردەوامەکانی ئێران. هێزەکانی ئەمریکا بە هۆشیاری و ئامادەییەوە دەمێننەوە."

لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکاشدا؛ سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازیی واشنتن لە کوەیت و وڵاتانی کەنداو. بەهۆی ئەم هێرشانەشەوە؛ ئاسمانیی ناوچەکە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک داخرا. 

پێش ئەم هێرشانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئامانجیان لەو گورزە ئاسمانییانە، ناچارکردنی ئێرانە بە قبووڵکردنی رەشنووسی ئەو رێککەوتنەی وڵاتانی نێوەندگیر پێشنیازیان کردووە؛ بەڵام تاران سوورە لەسەر مەرجەکانی و ئامادە نییە سازش بکات.