ترەمپ: گەمارۆی دەریایی سەر ئێران تا واژۆکردنی رێککەوتن بەردەوام دەبێت
سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێرش و بۆردومانە سەربازییانەی دەرکرد کە بڕیاربوو ئەمشەو بکرێنە سەر ئێران، ئەمەش دوای پەسەندکردنی بنەماکانی لێکتێگەیشتن لەلایەن باڵاترین ئاستی سەرکردایەتیی کۆماری ئیسلامییەوە.
پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس" نووسیویەتی: کە بڕیاری داوە هێرش و بۆردومانە پلانبۆداڕێژراوەکانی ئەمشەوی سەر ئێران هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا گەیشتنە باڵاترین ئاستی سەرکردایەتیی ئێران و لە لایەن ئەوانەوە پەسەند کران.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، کە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بە تەواوی هێز و کاریگەریی خۆیەوە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی پرۆسەی رێککەوتنەکە بە فەرمی کۆتایی پێدێت و واژۆ دەکرێت.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە بەم نزیکانە کات و شوێنی فەرمیی واژۆکردنی ئەم رێککەوتنە بە فەرمی رادەگەیەنرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس" و رایگەیاندبوو، ئەمشەو ئەمریکا گورزێکی زۆر کاریگەر لە ئێران دەوەشێنێت.
ئاماژەی بەوە کردبوو، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەمریکا دەست بەسەر دوورگەی خارگ و ناوەندەکانی دیکەی ژێرخانی نەوتی ئێراندا دەگرێت