ترەمپ: جەی دی ڤانس رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران واژۆ دەکات
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، لەوانەیە لە رۆژانی داهاتوو لە ئەوروپا رێککەوتن لەگەڵ ئێران واژۆ بکەین.
پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئیران، لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و گوتی: " لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ ئێران رێکدەکەوین و جەی دی ڤانس رێککەوتنەکە واژۆ دەکات.
هەروەها ئاماژەی داوە، کە لەبارەی رێککەوتنەکە لەگەڵ چەندین سەرکردەی وڵاتان قسەی کردووە و هەرکات رێککەوتن واژۆ کرا گەرووی هورمز دەکرێتەوە.
دەشڵێت: هەموو سەرکردەکانی ئێران بە رێککەوتنەکە دڵخۆشن و پێم وایە رێبەری باڵای وڵاتەکەش رێککەوتنەکە پەسەند دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، پێم وایە ئێران عاقڵانە مامەڵە دەکات و رێککەوتنەکە واژۆ دەکات.
ئەوەشی خستە روو، لەوانەیە کۆتایی هەفتە لە ئەوروپا لەگەڵ ئێران رێککەوتنەکە واژۆ بکەین، لە بارەی رێککەوتنەکەش لەگەڵ چەندین سەرکردەی وڵاتان قسەم کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە چەند کاتژمێرێک بەر لە ئێستا، دۆناڵد ترەمپ وێڕای هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکەی ئەمشەو بۆ سەر ئێران، ئاماژەی بەوە کردبوو، بەم نزیکانە کات و شوێنی واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئێران بە فەرمی رادەگەیەنرێت.