رێبەری تاڵیبان بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکی قەدەخە کرد

رێبەری باڵای تاڵیبان لە بڕیارێکی نوێدا بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکی لە دامەزراوە حکوومی، ئەمنی و پەروەردەییەکان قەدەخە کرد. بەپێی بڕیارەکە، هەر فەرمانبەر، سەرباز یان خوێندکارێک مۆبایلی زیرەک بەکاربهێنێت، وەک "تاوانبار" رەوانەی دادگای سەربازی دەکرێت و دەبێت مۆبایلەکەی رادەست بکات یان لەبەردەم لیژنە ئەمنییەکاندا بیشکێنێت.

 بەڵگەنامە نوێیەکان کە دەست میدیا جیهانییەکان کەوتوون، دەریدەخەن حکوومەتی تاڵیبان بە فەرمانی مەلا هەیبەتولڵا ئاخوندزادە، رێبەری باڵای بزووتنەوەکە، سنووربەندییەکی توندی بۆ بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لە ناوەندە حکوومی و پەروەردەییەکاندا دەرکردووە. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە توندکردنەوەی رێکارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی وێنەگرتن و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە ناوخۆی ئەفغانستان وەسف دەکرێت.

بەپێی بڕیارەکە کە وەک "حوکمێکی زارەکی" بۆ سەرۆکی دادگا سەربازییەکان و بەرپرسانی هەواڵگری نێردراوە، بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک بۆ ئەندامانی تاڵیبان و فەرمانبەرانی دەوڵەت بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە. ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن، راستەوخۆ وەک "تاوانبار" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و رەوانەی دادگای سەربازی دەکرێن.

بەڵگەنامەکان ئاشکرای دەکەن، تەنیا ئاگادارکردنەوەی زارەکی نییە، بەڵکو خشتەیەکی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی فەرمانبەران ئامادە کراوە کە ناوی سیانی، جۆری تۆڕی پەیوەندی و شوێنی کارەکەیان تێدا تۆمار دەکرێت. لە خشتەکەدا خانەیەک بۆ "جۆری جێبەجێکردنی حوکمەکە" دانراوە، کە تێیدا دەبێت دیاری بکرێت ئایا فەرمانبەرەکە مۆبایلەکەی "رادەست کردووە" یان "شکاندوویەتی". بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی چەکدارانی تاڵیبان لە کاتی شکاندنی مۆبایلەکانیان، بیری ئەفغانییەکانی بۆ سەردەمی یەکەمی حوکمڕانیی ئەم بزووتنەوەیە (1996 - 2001) بردەوە، کاتێک تەلەفزیۆن و ئامێرەکانی پەخشیان دەشکاند.

قەدەخەکردنی مۆبایل تەنیا فەرمانبەرانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە ناوەندەکانی خوێندنیش. بەگوێرەی دوو بەڵگەنامەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی کابول کە لە رۆژانی 19 و 23ـی ئایاری رابردوو دەرچوون، هێنان و بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لەلایەن خوێندکارانەوە لە قوتابخانە حکوومی و ئایینییەکاندا بە هەموو شێوەیەک قەدەخە کراوە. وەزارەتی پەروەردەی تاڵیبان هۆکارەکەی بۆ "فەراهەمکردنی ژینگەیەکی خوێندنی ئارام و دوور لە پشێوی" گەڕاندووەتەوە.

چاودێران پێیان وایە ئەم بڕیارانە پەیوەندییان بە ترسی تاڵیبانەوە هەیە لە دزەپێکردنی گرتەی ڤیدیۆیی کە گەندەڵیی یان پێشێلکارییە ئەمنییەکانیان نیشان بدات. هەروەها ئەمە تەواکەری ئەو یاسایەیە کە لە ئابی 2024 دەرچوو، کە تێیدا بڵاوکردنەوەی وێنەی زیندەوەران (مرۆڤ و ئاژەڵ) لە میدیاکاندا قەدەخە کرا. ئێستا لە زۆرێک لە ویلایەتەکان، کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان تەنیا دیمەنی سروشت نیشان دەدەن یان گۆڕاون بۆ رادیۆ و تەنیا دەنگ پەخش دەکەن، ئەمەش نیشانەی گۆڕانی ستراتیژیی تاڵیبانە لە سنووردارکردنی ناوەڕۆکەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی زانیاری.