لە برۆکسلەوە بۆ فلۆریدا؛ هێرشێکی گەورە لە دژی ئێران لە چرکەساتی کۆتاییدا راگیرا

دوو سەرچاوەی ئاگادار بە تۆڕی "سی ئێن ئێن"یان راگەیاندووە، دان کین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، کۆتایی مانگی رابردوو سەردانێکی نهێنی و بەپەلەی بۆ بارەگای فەرماندەیی ناوەندیی (سێنتکۆم) لە ویلایەتی فلۆریدا ئەنجامداوە.

سەردانەکە بۆ بینینی پلانەکانی سوپا بووە مەبەستی ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناو خاکی ئێران، تاوەکو بە زەبری هێز دەست بەسەر یۆرانیۆمی پیتێنراو دا بگرن، کە پێکهاتەی سەرەکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییە.

ژەنەڕاڵ دان کین بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە، کۆبوونەوەی بەرپرسانی ناتۆی لە برۆکسل بەجێهێشتووە و لە 19ـی ئایاردا گەڕاوەتەوە بۆ فلۆریدا.
سەرچاوەکان دەڵێن ئەم ئامادەکارییانە نیشانەی ئەوە بوون کە ئیدارەی ئەمریکا لە واژۆکردنی بڕیاری هێرشەکە نزیک بووەتەوە.

دوای ئەوەی ژەنەڕاڵەکە وردەکارییەکانی خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە پلانەکە رابگرێت. ترەمپ نیگەران بووە لەوەی ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی وەڵامدانەوەیەکی توندی ئێران و هەڵگیرسانی جەنگێکی درێژخایەن، تێکچوونی ئابووریی جیهان هەروەها کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئەمریکا.

ترەمپ لە لێدوانە گشتییەکانیدا دەڵێت؛ ئەمریکا و ئێران لە رێککەوتن نزیکن و پێشبینی دەکات لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی ئەتۆمی واژۆ بکەن. بەڵام پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراو هێشتا وەک ئاڵۆزترین خاڵی نێوانیان ماوەتەوە.