نیویۆرک تایمز: موجتەبا خامنەیی بە رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا رازییە
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، نێوەندگیرە مەدەنی و سەربازییەکانی ئێران واشنتنیان ئاگادارکردووەتەوە کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، رازییە بەو رێککەوتنە بەراییەی لەگەڵ ئەمریکا خراوەتە روو، هەرچەندە تا ئێستا رەزامەندی کۆتایی یان پشتیوانی راستەوخۆی بۆ رانەگەیاندووە.
بەپێی راپۆرتەکە، هەڵوێستەکەی موجتەبا خامنەیی وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی لە ناوەندەکانی دانوستاندا سەیر دەکرێت، بەڵام هێشتا ناڕوونی لە بڕیاری کۆتایی تاراندا هەیە، رێککەوتنە سەرەتاییەکە جەخت لەسەر هێورکردنەوەی گرژییەکان و دەستپێکردنی رێڕەوێکی نوێی گفتوگۆ دەکاتەوە، لەکاتێکدا دۆسیەکانی بەرنامەی ئەتۆمی و سزاکان بۆ قۆناغەکانی دواتر دواخراون.
بەرپرسە ئەمریکییەکە جەختی کردووەتەوە کە تاران تەنها بە واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە، هیچ سوودێکی ئابووریی دەستبەجێی پێناگات، ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر جۆرە پشتیوانییەکی دارایی یان سوککردنی سزاکان، بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی پابەندییەکان لەلایەن ئێرانەوە، لەوانە، رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو و هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" ئاماژەی بەوە کردووە، ناوەندە ئەمنیی و سەربازییەکانی سەر بە سوپای پاسداران هێشتا رەزامەندییان لەسەر رێککەوتنەکە نەداوە، ئەمەش وەک یەکێک لە کۆسپە سەرەکییەکانی بەردەم تەواوبوونی پرۆسەکە دەبینرێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە کە تێگەیشتنەکان لە دوو قۆناغ پێکدێن:
-واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاران و واشنتن.
-گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی هەمیشەیی و چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.
عێراقچی گوتیشی، "ئێران لە پێگەیەکی بەهێزەوە هاتووەتە ناو دانوستانەکان و دەقی یاداشتەکە هێشتا دەکرێت دەستکاری بکرێت."
هاوکات، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، زۆربەی دەقی رێککەوتنەکە تەواو بووە، بەڵام ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی لە خولەکانی پێشوودا داواکارییەکانی گۆڕیوە، بەقایی جەختی کردەوە، وڵاتەکەی بە نیەتێکی باشەوە چووەتە ناو پڕۆسە دیپلۆماسییەکە، بەڵام هیچ مەرجێکی نالۆژیکی کە زیان بە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانیان بگەیەنێت، قبوڵ ناکەن.