هەولێر.. ئادەم بە زمانی پیانۆ شاکارەکانی جیهان دەگێڕێتەوە

لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، بەهاوکاری  بەڕێوەبەرایەتی چالاکیی قوتابخانەکان، کۆنسێرتێکی تایبەتی پیانۆ بۆ قوتابی بەهرەمەند "ئادەم"، لە هۆڵی جەمال هیدایەت، لە چالاکیی قوتابخانەکانی هەولێر بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ شەممە، 13ی حوزەیرانی 2026، وشیار مەرجان، بەڕێوەبەری چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر بە کوردستان24ی گوت، "گرنگی ئەم چالاکییە تەنیا لەوەدا نییە کە قوتابییەک سەر سەکۆ دەوەستێت؛ بەڵکو لەوەدایە کە ئامرازێکی وەک پیانۆ دەبێتە زمانی دەربڕینی هەست و توانای نوێی نەوەی قوتابیان. ئەم کۆنسێرتە هەوڵێکە بۆ ئەوەی هونەر و پەروەردە لە یەک شوێندا کۆببنەوە و بەهرەی منداڵان و گەنجان بۆ گەشەدان بۆیان بڕەخسێت.

وشیار مەرجان گوتیشی، " ئادەم، ژمارەیەک لە شاکارە ناسراوەکانی موزیکی جیهانی ژەنی؛ بەرهەمگەلێک کە بە  هارمۆنیی تایبەتیان ناسراون و شوێنەواریان لە مێژووی موزیکدا هەیە. هەروەها بەشێکی گرنگی پێشکەشکارییەکە تایبەت بوو بە موزیکی رۆژهەڵات، بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک لەنێوان رۆحی موزیکی جیهانی و ناسنامەی رۆژهەڵاتی دروست بکرێت.

وشیار مەرجان باس لە گرنگیی ئەو کۆنسێرتە دەکات و دەڵێت، "ئەو کۆنسێرتە وەک هەنگاوێک بۆ دۆزینەوە و هاندانی بەهرەی قوتابییەکان بوو، بە تایبەتی لە بوارە هونەرییەکاندا کە پێویستیان بە دەرفەت و پشتگیری هەیە. هەروەها لە کۆتایی کۆنسێرتەکەدا ، بڕوانامەی رێزلێنان پێشکەش بە قوتابی "ئادەم" کرا؛ وەک بەشداری و ئاستی ئەو ئەزموونە هونەرییەی پێشکەشی کردووە."

 کۆنسێرتێکی تایبەتی پیانۆ بۆ قوتابی بەهرەمەند "ئادەم"، ئەمڕۆ شەممە، 13ی حوزەیرانی 2026، لە هۆڵی جەمال هیدایەت، لە چالاکیی قوتابخانەکانی هەولێر بەڕێوەچوو.