لە قوشتەپە پڕۆژەی ئاوەڕۆ جێبەجێ دەکرێت

بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی پارێزگای هەولێر رایگەیاند کە پڕۆژەیەکی ژێرخانیی ئاوەڕۆی سندووقی و لوولەیی بە گوژمەی زیاتر لە 6 ملیار دینار لە شارۆچکەی قوشتەپە جێبەجێ دەکرێت، کە ئامانج لێی پاراستنی ناوچەکەیە لە مەترسیی لافاو و رەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ دانیشتووانەکەی.

پڕۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی و لوولەیی لە شارۆچکەی قوشتەپە دەچێتە باری جێبەجێکردنەوە. زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی گرنگی ژێرخانییە و بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.

سەبارەت بە پێکهاتەی سەرەکیی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر باسی لەوە کرد،  پڕۆژەکە لە شەش بۆکس کەڵڤەرت بە قەبارەی جیاواز، ئاوەڕۆی سندووقی یەک چاو بە پێوانەی (2.5 * 3) بە درێژایی 700 مەتر، هەروەها ئاوەڕۆی لوولەیی کۆنکرێتی بە درێژایی 18 هەزار و 340 مەتر بە تیرەی جیاواز پێکهاتووە.

جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە سوودێکی زۆر بە شارۆچکەی قوشتەپە و گەڕەکە هەژارنشینەکان دەگەیەنێت؛ بەهۆی توانای بەرزی بۆکس کەڵڤەرتەکان و تۆڕە گەورەکەی ئاوەڕۆ لە کۆکردنەوە و ئاڕاستەکردنی ئاوی باران، گەڕەکە کەمدەرامەتەکانی قوشتەپە کە ساڵانێک بوو لە وەرزی زستاندا رووبەڕووی لافاو و زیانی ماددی دەبوونەوە بە تەواوی دەپارێزرێن.

لە لایەکی ترەوە، رێگە لە کۆبوونەوەی ئاوی راوەستاو لە کۆڵانەکاندا دەگرێت کە دەبووە سەرچاوەی بۆنی ناخۆش و بڵاوبوونەوەی مێش و مەگەز و نەخۆشی، بەمەش ژینگەیەکی خاوێن و تەندروست بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دابین دەبێت. هاوکات لەناوبردنی گۆمە ئاوەکانی سەر شەقامەکان رێگە لە تێکچوونی رێگاوبانەکان دەگرێت و هاتوچۆی رۆژانەی هاووڵاتییان بۆ شوێنی کار و خوێندن ئاسانتر و سەلامەتتر دەکات.