لە کۆنگۆی دیموکرات ژمارەی تووشبووانی ئیبۆلا بۆ زیاتر لە 700 کەس بەرزبووەوە

بەگوێرەی داتاکانی حکوومەتی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، شەپۆلێکی نوێی ڤایرۆسی ئیبۆلا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و تا ئێستا 710 حاڵەتی تووشبوونی پشتڕاستکراوە تۆمارکراون، کە لەو ژمارەیە 149 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی راپۆرتێکی حکوومەت، لە 24 کاتژمێری رابردووی 21 حاڵەتی نوێی تووشبوون دەستنیشانکراون. ئەم بڵاوبوونەوەیەی ئێستا کە بەهۆی جۆرێکی دەگمەنی ڤایرۆسەکەوەیە بە ناوی (بوندیبوگیۆ)، بە یەکێک لە ئاڵۆزترین قەیرانە تەندروستییەکانی ساڵانی دوایی دادەنرێت؛ چونکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا بڵاوبووەتەوە و ناسەقامگیریی ئەمنی و کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووان بوونەتە رێگر لەبەردەم تیمە تەندروستییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە زیاتر لە چوار هەزار کەس کە بەرکەوتنیان لەگەڵ تووشبووان هەبووە لەژێر چاودێریدان، بەڵام بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنییەوە، تیمەکانی چاودێری تەنها توانیویانە بگەنە کەمتر لە نیوەی ئەو کەسانە.

ڤایرۆسەکە لە هەر سێ هەرێمی (ئیتوری، باشووری کیڤو و باکووری کیڤو) بڵاوبووەتەوە، ئەم ناوچانە ماوەی چەندین دەیەیە بەدەست ململانێی چەکدارییەوە دەناڵێنن و پێکەوە حەوانگەی زیاتر لە پێنج ملیۆن ئاوارەن، کارمەندانی فریاگوزاری هۆشداری دەدەن لە خراپیی دۆخی تەندروستی لە کەمپی ئاوارەکاندا، کە بەهۆی قەرەباڵغی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، مەترسیی بڵاوبوونەوەی خێراتری ڤایرۆسەکەی لێدەکرێت.

ئیبۆلا چییە و چۆن دەگوازرێتەوە؟

نەخۆشی ئیبۆلا لە کۆمەڵە ڤایرۆسێکەوە دەستپێدەکات کە زیاتر لە وڵاتانی باشووری بیابانی ئەفریقا بڵاون، زانایان پێیان وایە ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵە کێوییە تووشبووەکانی وەک (شەمپانزی، گۆریلا و شەمشەمەکوێرە)وە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

دوای تووشبوونی مرۆڤ، ڤایرۆسەکە لە رێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ شلەمەنییەکانی جەستەی کەسی تووشبوو یان کەلوپەلی پیسبوو دەگوازرێتەوە بۆ کەسانی تر، بەپێی زانیارییە پزیشکییەکان، ئەندامانی خێزان و کارمەندانی کەرتی تەندروستی کە چاودێریی تووشبووان دەکەن، زۆرترین مەترسیی تووشبوونیان لەسەرە.

هەروەها رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە 17ـی ئایاری رابردووەوە باری نائاسایی تەندروستی گشتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی راگەیاندووە، ئەمەش دوای ئەوەی مەترسییەکانی ئەم پەتایە گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار.