تیمی دانوستانکاری ئێران: رێککەوتن بۆ راگرتنی جەنگ کراوە و ئەمریکا گەرەنتی داوە
مەهدی محەمەدی، راوێژکاری ستراتیژی سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران، پەردەی لەسەر وردەکارییەکانی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە لادا کە لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا لە ئارادایە، ئەم لێکتێگەیشتنە پێنج تەوەرەی سەرەکی و ستراتیژی لەخۆدەگرێت.
یەکەم: ڕاگرتنی جەنگ و گەرەنتی ئەمنی
مەهدی محەمەدی گوتی: لە قۆناخی یەکەمدا، بڕیارە سەرجەم کارە جەنگی و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران و لوبنان بەتەواوەتی رابگیرێن، هاوکات لایەنی ئەمریکی پابەند دەبێت بە پێشکەشکردنی گەرەنتی پێویست بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی گرژییەکان لە داهاتوودا.
دووەم: ئازادکردنی سامانی بلۆککراو
ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی چوارچێوەی رێککەوتنەکە، لەگەڵ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکان، بەشێک لە سامان و پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن، ئەم هەنگاوە هاوکات دەبێت لەگەڵ هەڵپەساردنی هەندێک لە سزا ئابوورییەکان، کە رێگە بۆ فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و زیادکردنی هەناردەی نەوت خۆش دەکات.
سێیەم: ئاسانکاریی دەریایی و بازرگانی
باسی لەوەشکرد، یەکێکی دیکە لە خاڵە جەوهەرییەکان بریتییە لە نەهێشتنی کۆت و بەندەکانی سەر هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران. ئامانج لەم خاڵە ئاساییکردنەوەی بازرگانی دەریایی ئێران و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم گواستنەوەی نێودەوڵەتییە.
چوارەم: دوورخستنەوەی دۆسیەی ئەتۆمی
راوێژکارە ئێرانییەکە دەشڵێت، لە قۆناخی ئێستای رێککەوتنەکەدا، پرسی ئەتۆمی تاوتوێ ناکرێت، دەبێت سەرەتا پابەندییە سەرەتاییەکانی لایەنی بەرانبەر جێبەجێ بکرێن و پشتڕاست بکرێنەوە، پاشان لە قۆناخەکانی داهاتوودا گفتوگۆ دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی دەکرێت.
پێنجەم: هەڵگرتنی سزاکان و قەرەبووکردنەوە
لە قۆناخی کۆتاییدا، باس لە هەڵگرتنی سزا سەرەتایی و لاوەکییەکانی ئەمریکا دەکرێت. هاوکات کار بۆ داڕشتنی میکانیزمێک دەکرێت بۆ قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی شەڕ و فشارە ئابوورییەکانەوە بە ئێران گەیشتوون، کە ئەمەش یەکێکە لە داواکارییە هەرە لەپێشینەکانی تیمی دانوستانکاری ئێران.