ئاژانسی فارس: ئەمڕۆ هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن واژۆ ناکرێت
سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە تیمی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرای کرد کە شاندێکی وڵاتی قەتەر وەک ناوبژیوان لە تارانن و لایەنی ئێرانی تەواوی مەرج و بەندەکانی خۆی لە رێگەی ئەوانەوە ئاراستەی ئەمریکا کردووە؛ جەختی لە پێداگریی تاران لەسەر خاڵەکانی خۆی کردەوە و راشیگەیاند، هیچ رێککەوتنێک لەو وادەیەی کە دۆناڵد ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو، واژۆ ناکرێت.
یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە تیمی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، نوێترین زانیاریی لەبارەی پڕۆسەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن ئاشکرا کرد و بە ئاژانسی هەواڵی فارسی رایگەیاند، ئێستا شاندێکی قەتەری بۆ ئەو مەبەستە لە تارانن.
بەپێی راپۆرتەکە، تیمی وڵاتی قەتەر وەک ناوبژیوان لە تاران ئامادەن و لایەنی ئێرانی تەواوی بەند و وردەکارییە جێگیرەکانی خۆی لە رێگەی ئەم تیمەوە ئاراستەی لایەنی ئەمریکی کردووە.
ئەو سەرچاوەیە وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە تا ئێستا هیچ شتێک کۆتایی نەهاتووە، دەربارەی هەوراز و نشێوەکانی رێڕەوی دانوستانەکان گوتی: "تەنانەت ئەگەر لە پڕۆسەی دانوستانەکاندا بەرەو پێش بچین یان بەرەو دواوە بگەڕێینەوە، مەرجی بنەڕەتیی ئێران ئەوەیە کە لە کۆتاییدا دەبێت تەواوی ئەو خاڵانەی کە مەبەستتی، بە وردی رەچاو بکرێن."
سەبارەت بە کاتی گەیشتن بە رێککەوتن، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد: "تەنانەت ئەگەر هەموو تێبینی و مەرجەکانی ئێرانیش جێبەجێ بکرێن، بە دڵنیاییەوە لەو وادەیەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکرێت."
دوێنێ شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردبووەوە، و تێیدا ئاماژەی دابوو، بڕیارە سبەی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران واژۆ بکرێت. ترەمپ پەیامێکی ئاراستەی جیهان کرد و گوتی: "رێککەوتنەکەی من بۆ رێگرییە لە چەکی ئەتۆمی؛ ئێران چیتر چەکی ئەتۆمی ناوێت و ناشیبێت، چ لە رێگەی پەرەپێدانەوە بێت یان کڕین یان هەر رێگەیەکی دیکە."