سوپای ئیسرائیل: بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەین

سوپای ئیسرائیل، ئامادەیی خۆی بۆ هەر بۆردومان و وەڵامدانەوەیەکی ئەگەری راگەیاند، لە دوای هێرشەکەی سەر باشووری بەیرووت، سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە، چاوپۆشی لە هیچ جۆرە هێرشێکی حزبوڵڵا ناکەن کە خاکی وڵاتەکەیان بکاتە ئامانج.

یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێک کە خاکی وڵاتەکەیان بکاتە ئامانج بێ دەنگ نابن و وەڵامێکی توندیان دەبێت.

لەمبارەیەوە، ئەیال زامیر سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەردەوام لە رێگەی هەڵسەنگاندنەوە بەدوادچوونی وورد بۆ سەرجەم بەرەکانی شەڕ دژی حزبوڵڵای لوبنان دەکەن. هاوکات گوتیشی، هەموو فەرماندەکانی سوپا ئاگادارکراونەتەوە ئەگەر هێرش کرایە سەر خاک و هاووڵاتییانمان وەڵامێکی توندی هێرشەکان بدەنەوە".

سوپا ئاماژەی بەوەش کردووە، "بۆ هەردوو سیناریۆی بەرگری و هێرشکردن ئامادەن".

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە، سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ ئەگەری هێرشکردن بەرەو ناو خاکی ئیسرائیل لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ئامادە دەکات".

هەروەها سوپا جەختی لە پێویستی مانەوە لە دۆخی ئامادەباشی لەم قۆناغەدا و رەفتارکردن بە بەرپرسیارێتی و پابەندبوون بە رێنماییەکانی فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ کردووەتەوە.

سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو: "هیچ گۆڕانکارییەک لە رێنماییەکانی فەرماندەیی بەرەی ناوخۆدا نییە و لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکدا، رای گشتی لێ ئاگادار دەکرێتەوە".

لە کۆتاییدا سوپا جەختی کردەووەتەوە، "سوپای ئیسرائیل رێگە نادات و بێدەنگ نابێت بەرامبەر هەر تەقەکردن و هێرشێک کە بەرەو خاکی ئیسرائیل ئەنجام بدرێت".