پزیشکیان تۆمەتی خیانەتی عێراقچی و قالیباف رەتدەکاتەوە
مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، رەتیکردەوە دانوستانکارانی ئێرانی بە خیانەت تۆمەتبار بکرێن و جەختی کردەوە، میدیاکانی ئێران نوێنەرایەتی بۆچوونی رێبەری باڵا ناکەن.
یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "میدیای ئێران گوزارشت لە بۆچوونی رێبەر ناکات و ئەوەی لە تەلەڤزیۆنی فەرمییەوە باس دەکرێت، رەنگدانەوەی رێنماییەکانی رێبەر و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی نییە."
سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی: "وەسفکردنی تیمی دانوستانکار بە خیانەتکار جێگەی داخی زۆرە، چونکە بڕیاری جەنگ و دانوستان لە دەستی رێبەر و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەییە و دەبێت هەمووان پێوەی پابەند بن."
ئەم لێدوانانەی پزیشکیان دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لایەنگرانی رەوتە توندڕەوەکان لە شارەکانی تاران، مەشهەد و قوم رژاونەتە سەر شەقامەکان و دژایەتی خۆیان بۆ هەر رێککەوتنێکی ئەگەری لەگەڵ ئەمریکا نیشان داوە، لە خۆپیشاندانەکاندا دروشم دژی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان گوتراوەتەوە.
بەشێک لە خۆپیشاندەران لەبەردەم وەزارەتی دەرەوە لە تاران کۆبوونەتەوە و دروشمی "عێراقچی شەرم بکە و وڵات جێبهێڵە" و "قالیباف و عێراقچی، چی بەسەر خوێنی فەرماندەکەم هات؟"یان گوتووەتەوە، هەروەها لە مەشهەد گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوبووەتەوە کە تیایدا ژنان کفنیان پۆشیوە و هاوار دەکەن "مەرگ بۆ عێراقچی سازشکار".
ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتی دوای لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هات کە باسی لە نزیکبوونەوەی واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن کرد لە نێوان تاران و واشنتن، بە مەبەستی درێژکردنەوەی ئاگربەست، کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییە نوێیەکان.
توندڕەوەکانی ئێران پێیان وایە هەر جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا دووبارەکردنەوەی ئەزموونی رێککەوتنی ئەتۆمی پێشووە و بە سازشێکی سیاسی و ئەمنی گەورەی دەزانن.