ترەمپ: نەدەبوو ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر بەیرووت
سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت گرت و ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە لە کاتێکی نەگونجاودا بووە و پرۆسەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ ئێران تێکدەدات. ترەمپ وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە هێرشە درۆنییەکەی حزبوڵڵا بچووک بووە و زیانی گیانی نەبووە.
یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕەخنەی لە هێرشەکەی سەر بەیرووت لەلایەن ئیسرائیل گرت و ڕایگەیاند کە ئەم هێرشە نەدەبوو ڕوو بدات، چونکە لایەنەکان لە ڕێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ ئێران نزیک بوونەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد هێرشەکەی ئەم بەیانییەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت لە کاتێکی نەگونجاودا بووە و گوتیشی: "ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام ئەو هێرشەی حزبوڵڵا بۆ سەر زۆر بچووک و بێ مانا بوو، کەسی تێدا نەکوژرا و بریندار نەبوو، بۆیە نەدەبوو ئەم پڕۆسە گرنگەی ڕێککەوتن تێک بدرێت."
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە جیهان لە ڕێککەوتنێک نزیکە کە ئاشتی بۆ ناوچەکە و لوبنانیش دەهێنێت و داوای کرد: "دەبێت هەموو لایەک پاشەکشە بکەن. نابێت چیتر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر هیچ شوێنێکی لوبنان، هەروەها نابێت حزبوڵڵا و لایەنەکانی دیکەش هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل."
ئیسرائیل هێرشی کردە سەر زاحییەی بەیرووت
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆی یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک پێگەی سەربازیی حزبوڵڵا لە گەڕەکی زاحییە، لە باشووری بەیرووتی پایتەختی لوبنان.
دوای هێرشەکەش هەریەک لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یەسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، لە راگەیەنراوێکدا بەرپرسیارێتیی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند.
هاوکات ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کرد کە سوپای ئیسرائیل کەمێک پێش وەشاندنی گورزە ئاسمانییەکانی بۆ سەر زاحیەی باشووری بەیرووت، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکای (CENTCOM) لە بڕیارەکەی ئاگادار کردووەتەوە. ئەم هێرشانەش دوای ئەوە دێن کە حزبوڵڵا بە چەند درۆنێک هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل
هەروەها محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل نووسیویەتی، "پەلامارەکانی زایۆنیستەکان بۆ سەر زاحییەی بەیروت، جارێکی دیکە ئەوەی سەلماند، ئەمریکا یان ویستی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی نییە، یانیش توانای ئەو کارەی نییە".
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بە رژێمی زایۆنیستی ناتوانن هیچ دەستکەوتێک بەدەست بهێنن و یاریی پۆلیسی باش و خراپیش سەردەمی بەسەرچووە.