گۆتێرێس سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت دەکات

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیلی بۆ سەر شاری بەیرووت کرد و رایگەیاند, ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ئەنجام دراون کە جیهان چاوەڕوانی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران دەکات بۆ چارەسەری ئاشتییانەی ململانێکان.

یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت سەرەڕای بوونی ئاگربەست ئەنجام دراون؛ جەختی کردەوە، ئەم پەرەسەندنانە لە ساتێکی زۆر هەستیاردا دێن، رێک لەو کاتەی کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا و ئێران بگەنە رێککەوتنێک کە رێگەخۆشکەر بێت بۆ چارەسەری کۆتایی کێشەکان.

گۆتێرێس هۆشدارییەکی توندیشی دا سەبارەت بە لێکەوتە ئابوورییەکانی ململانێکە و گوتی: "ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانە کاریگەرییەکی وێرانکەریان لەسەر ئابووری جیهان دروست کردووە."

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەنەکان کرد لەم کاتە یەکلاکەرەوەیەدا ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن نیشان بدەن. هەروەها هیوای خواست هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی سەرکەوتوو و ئاشتییانە کۆتایی بێت.