ترەمپ لە وردەکاریی رێککەوتنەکەی ئێران ناتانیاهۆ ئاگادار دەکاتەوە

سەرۆکی ئەمریکا، بنیامین ناتانیاهۆی لە بەرەوپێشچوونەکانی رێککەوتن لەگەڵ تاران ئاگادار کردەوە. ترەمپ جەختی کردەوە کە ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گەرووی هورمز بەم زووانە بۆ بازرگانی ئاسایی دەکرێتەوە.

یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026، کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی لەو هەنگاوە نوێ و پێشکەوتووانە ئاگادار کردووەتەوە کە لە پرۆسەی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا نراون.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی نوێدا ستایشی "ڤیکتۆریا کۆتس" لە دامەزراوەی "هێریتێج" کرد و رایگەیاند کە ئەو تێگەیشتنێکی زۆر قووڵی بۆ دۆخەکە هەیە. ترەمپ بەڵێنێکی توندی دووپات کردەوە و گوتی: "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

سەبارەت بە گرژییە دەریاییەکانی ناوچەکە و هەڕەشەکانی داخستنی رێڕەوە ئاوییەکان، ترەمپ پەیامێکی ئەرێنی ئاراستەی بازاڕەکانی جیهان کرد و رایگەیاند: "گەرووی هورمز لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا بۆ بازرگانی و کارکردن دەکرێتەوە."

کەناڵی "سی ئێن ئێن" لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە بڵاوی کردەوە، تیمی دانوستانکاری قەتەر لە تاران ماونەتەوە و لە هەماهەنگییەکی چڕدان لەگەڵ واشنتن بۆ ئەوەی گفتوگۆکان لەسەر رێڕەوی خۆیان بمێننەوە و رێککەوتنەکە واژۆ بکرێت. هاوکات، بنیامین نەتانیاهۆ بەهۆی نیگەرانییە قووڵەکانی لە ناوەڕۆکی دانوستانەکان و پرسی ئاگربەستی لوبنان، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ ترەمپ کردووە، کە بڕیارە دوای لووتکەی (G7) ئەنجام بدرێت.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی تونددا وەڵامی رەخنەگرانی رێککەوتنەکەی دایەوە، بەتایبەت سیناتۆر جاک ڕید. ترەمپ رێککەوتنەکەی سەردەمی ئۆبامای (JCPOA) بە "کارەسات و گەمژانە" وەسف کرد و گوتی: "رێککەوتنەکەی ئۆباما رێگایەک بوو بۆ ئەوەی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، بەڵام رێککەوتنەکەی ئێمە 'دیوارێکە' لە دژی هەر هەوڵێکی ئەتۆمی تاران."

ترەمپ سیناتۆرە دیموکراتەکەی بە "فێڵباز و بێتوانا" ناوبرد و جەختی کردەوە کە ئەم رێککەوتنە نوێیەی ئەوان، تەواو پێچەوانەی سیاسەتەکانی رابردووە و گەرەنتییەکی بەهێزە بۆ ئاسایشی ناوچەکە، بەوەی رێگری لە ئێران دەکات هیچ کات دەستی بە چەکی ئەتۆمی رانەگات.