یەکەمین کەشتی گازی سروشتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕی
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، داتاکانی شوێنکەوتنی کەشتییەکان دەریانخست کەشتییەکی گازی سروشتیی شل (LNG) کە لەلایەن کۆمپانیای پێترۆنێتی هیندییەوە بەکرێگیراوە، بە گەرووی هورمزدا تێپەڕی و بەرەو رۆژهەڵات بەڕێکەوت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمپانیاکانی "کێپلەر و گرووپی بۆرسەکانی لەندەن"، کەشتی دیشا باری گازی لە بەندەری رەئس لەفانی قەتەرەوە هەڵگرتووە، لە رۆژانی 1 و 2ـی ئاداردا بارکراوە و لەو کاتەوە لە رۆژئاوای گەرووەکە وەستابوو. سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، باری کەشتییەکە بۆ وێستگەی داهیج لە هیندستان دەگوازرێتەوە.
ئەم کەشتییە دەبێتە یەکێک لە یەکەمین کەشتییە بازرگانییە گەورانەی دوای راگەیاندنی نزیکبوونەوەی رێککەوتنەکەی نێوان واشنتن و تاران بەم رێڕەوەدا تێدەپەڕێت. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ گەڕانەوەی قۆناخ بە قۆناخی هاتوچۆی بازرگانی بۆ گەرووی هورمز دادەنرێت، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی وزە لە جیهاندا.
تێپەڕبوونی ئەم کەشتییە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئەو لێکگەیشتنانەی کە کردنەوەی گەرووی هورمزیان بەڕووی کەشتیوانیی بازرگانیدا لەخۆگرتبوو، دوای ماوەیەک لە ئاڵۆزیی سەربازی کە ببووە هۆی نیگەرانی لە ئاسایشی دابینکردنی وزە لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
ئێستا بازرگانانی نەوت و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی بە وردی چاودێری جووڵەی کەشتییەکان دەکەن لە گەرووەکەدا، وەک نیشانەیەک بۆ سەقامگیریی دۆخەکە و سەرکەوتنی نزیکبوونەوە رێککەوتنە نوێیەکانی تایبەت بە ئازادیی هاتوچۆی دەریایی.
لای خۆیەوە ئاژانسی فارس رایگەیاند؛ بەگوێرەی داتاکانی چاودێریی دەریایی، کەشتی"Jacksonville" کە هەڵگری گازی سروشتیی شلەیە (LNG) و ئاڵای ماڵتای پێوەیە، یەکەمین کەشتیی تۆمارکراوە، دوای راگەیاندنی رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە.
دوێنێ یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی دوای راگەیاندنی نزیکبوونەوەی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویکایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند؛ رۆژی هەینی، لە سویسرا رێککەوتن لەگەڵ ئێران واژۆ دەکرێت، گوتیشی: با کەشتییەکان بزوێنەرەکانیان هەڵکەن و نەوت بڕوات.
لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ دووشەممە، کازم غەریبادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ دەقی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا یەکلایی بووەتەوە و جەختی کردەوە، دوو رێککەوتنی دەستبەجێ لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوانیش وەستاندنی جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان بە لوبنانەوە، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریاییەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز.