کونسوڵخانەی قەتەر بۆ کوردستان24: ژمارەیەک پڕۆژەی هاوبەشی بازرگانی لەگەڵ کوردستان جێبەجێ دەکەین
کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر، لە وەڵامی چەند پرسیارێکی ماڵپەری کوردستان24ـدا، ڕایگەیاند، کارە دیپلۆماسییەکانیان گەشەی سەندووە و ژینگەی پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ کردوون. هەروەها جەختی کردەوە، هەوڵدەدەن وەبەرهێنەران بۆ سێکتەرە گرنگەکانی کوردستان رابکێشن.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
کوردستان24: بەو پێیەی کونسوڵخانەی قەتەر چەند ساڵێکی کەمە کراوەتەوە، چۆن هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنی، ژینگەی کۆمەڵایەتی و پێشوازیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت هەولێری پایتەخت دەکەن لە ماوەی مانەوەتاندا لێرە؟
کونسوڵخانەی قەتەر: لە کاتی کردنەوەی کونسوڵخانەکەوە، گەشەکردنێکی بەرچاومان لە لایەنە جیاجیاکانی پەیوەست بە کارەکانی نێردەی دیپلۆماسیمان بینیوە، ئەمەش هاوکار بووە لە ئاسانکاریی کارەکانی کونسوڵخانە و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە فەرمی و کۆمەڵایەتییەکاندا. ئێمە کۆمەڵگەیەکی هەمەچەشن و کراوەمان بینی، خاوەن روحی پێکەوەژیان و لێبوردەییە، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر سروشتی پەیوەندی و کارلێکی رۆژانەمان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان هەبووە.
سەبارەت بە پێشوازیی گەرمیش، لە رۆژی یەکەمەوە رێزێکی زۆر و پێشوازیی باشی خەڵکی هەرێممان دیت، بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت، ئەم پێشوازییەش کاریگەریی گەورەی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیی دۆستایەتی و لێکتێگەیشتن هەبووە، هاوکار بووە لە جێگیرکردنی پەیوەندییە برایانەکانی نێوان دەوڵەتی قەتەر و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پەیوەندییە تایبەتەکانی نێوانمان لەگەڵ کۆماری عێراقی برا.
ئێمە پێزانینی خۆمان بۆ هاوکاری و پاڵپشتیی لایەنە فەرمییەکان دەردەبڕین، چاوەڕوانی بەردەوامیی بەهێزکردنی پەیوەندییە کلتووری، ئابووری و مرۆییەکانین بە جۆرێک خزمەتی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولا بکات.
کوردستان24: هەڵسەنگاندنتان بۆ ئاستی ئێستای پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی قەتەر چییە؟ لە چ بوارێکدا دەرفەتی گەورەتر دەبینن بۆ بەهێزکردنیان؟
کونسوڵخانەی قەتەر: پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی قەتەر و هەرێمی کوردستان ئەرێنی و لە گەشەکردنی بەردەوامدان، لەسەر بنەمای رێزی بەرانبەر، بەرژەوەندیی هاوبەش و ئارەزووی راستەقینە بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا بنیات نراون. ساڵانی رابردوو پێشکەوتنی بەرچاویان لە ئاستی پەیوەندی و هەماهەنگیدا بەخۆوە بینیوە، چ لە رێگەی سەردانی بەرانبەر یان لە رێگەی هاوکاریی نێوان دامەزراوە حکوومییەکان و کەرتی تایبەتەوە.
ئێمە دەبینین دەرفەتی زۆر باش هەن بۆ بەهێزکردنی زیاتری ئەم پەیوەندییانە، بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێناندا، چونکە هەرێمی کوردستان خاوەن توانای گەورەیە لە سێکتەرەکانی وزە، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و ژێرخاندا، ئەمانەش ئەو بوارانەن سەرنجی وەبەرهێنەرانی قەتەرییان راکێشاوە. هەروەها بڕوامان وایە هاوکاری لە بوارەکانی فێرکاری، کلتوور و پەرەپێدانی توانای مرۆیی دەتوانێت ببێتە کۆڵەکەیەکی گرنگ بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە رێگەی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و پرۆگرامە ئەکادیمی و کلتوورییەکانەوە.
ئێمە چاوەڕوانی بەردەوامیی کارکردنی هاوبەشین بۆ بەهێزکردنی ئەم هاوبەشییە و فراوانکردنی بوارەکانی، بە جۆرێک خزمەتی بەرژەوەندیی هاوبەش بکات و پاڵپشتی لە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا بکات.
کوردستان24: ئێستا پڕۆژەی هاوبەش لە نێوان ئێوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە؟ ئایا هیچ پلان یان چاوەڕوانییەک بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی هاوبەش لە داهاتوویەکی نزیکدا هەیە؟
کونسوڵخانەی قەتەر: دۆخی ئێستا چەندین بواری جیاوازی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هەردوولادا لەخۆ دەگرێت، پەیوەندیی بەردەوامیش لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارە لە دۆزینەوەی دەرفەتی نوێ بۆ هاوبەشی و هاوکاری، ماوەی رابردووش شایەدی بایەخدانی بەرانبەر بووە بە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و وەبەرهێنانەکان و فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری لە چەندین سێکتەری گرنگدا. سەبارەت بە پڕۆژە هاوبەشەکان، ئێمە ئێستا تیشک دەخەینە سەر دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان دامەزراوە حکوومییەکان و کەرتی تایبەت لە هەردوولادا، بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بە مەبەستی دەستپێکردنی دەستپێشخەری و پڕۆژەی بەسوود بۆ هەردوولا.
هەروەها گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە لەسەر چەندین دەرفەتی باش لە بوارەکانی وەبەرهێنان، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، فێرکاری، تەندروستی و ژێرخاندا دەکەین. ئێمە گەشبینین بە ئەگەری دەستپێکردنی پڕۆژەی هاوبەش لە ماوەی داهاتوودا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئارەزووە راستەقینەیەی لای هەردوولا هەیە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و گۆڕینی تواناکان بۆ هاوبەشیی کرداری و بەردەوام، پێمان وایە قۆناخی داهاتوو شایەدی دەستپێشخەریی زیاتر دەبێت هاوکار بن لە پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی قەتەر و هەرێمی کوردستان.
کوردستان24: چاوەڕوانی و دیدگای دەوڵەتی قەتەر بۆ سروشتی هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی چییە؟
کونسوڵخانەی قەتەر: دەوڵەتی قەتەر سەیری عێراق دەکات وەک وڵاتێکی برا لە ناوچەکەدا، پێشوازییش لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەکات، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت لە خزمەتکردنی گەلی عێراقی برا و بەهێزکردنی کاروانی گەشەپێدان و سەقامگیریدا.
دیدگای دەوڵەتی قەتەر خۆی لە بەردەوامیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هاوکاری لەگەڵ کۆماری عێراق لەسەر بنەمای رێزی بەرانبەر و بەرژەوەندیی هاوبەش دەبینێتەوە، بە جۆرێک خزمەتی بەرژەوەندیی هەردوو وڵات و هەردوو گەلی برا بکات، چاوەڕوانی بەهێزکردنی هاوکاریشین لە بوارە جیاجیاکانی ئابووری، گەشەپێدان و وەبەرهێناندا، لەگەڵ هاندانی ئەو هاوبەشییانەی هاوکار دەبن لە بەدیهێنانی گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیدا.
هەروەها دەوڵەتی قەتەر پاڵپشتیی خۆی بۆ هەر هەنگاوێک دووپات دەکاتەوە کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی سەقامگیریی کۆماری عێراق، یەکێتی و سەروەرییەکەی، ئەمەش بەپێی ئەو پەیوەندییە برایانەیەی هەردوو وڵات پێکەوە دەبەستێتەوە.