جێگری سەرۆکی ئەمریکا: دەقی رێککەوتنەکە بڵاودەکەینەوە
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، دەقی رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان واشنتۆن و تاران لەم هەفتەیەدا بڵاودەکرێتەوە، دووپاتیشی کردەوە، رێککەوتنەکە رێگرییەکی درێژخایەن دەبێت بۆ ئەوەی ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "سی ئێن بی سی" رایگەیاند، پێی وایە لایەنێک لە نێو ئیسرائیلدا هەبێت رێککەوتنەکە قبووڵ بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوان دەکرێت لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و چەند نوێنەرێکی تری ئەو وڵاتە ئامادە بن.
ڤانس ئاماژەی بەوە دا، هیوایان هەیە دەقی رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران لەم هەفتەیەدا بڵاو بکرێتەوە. روونیشی کردەوە، پابەندییەکی درێژخایەن هەیە زامنی ئەوە دەکات ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی پەرە پێ نەدات یان دەستی نەکەوێت.
ئەوەشی خستە روو، رێککەوتنەکە ئێران لەو پارانە بێبەش دەکات بۆ بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی پێویستن.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەم هەنگاوە ئاسایشی ناوچەکە دەپارێزێت. جەختی لەوەش کردەوە، رێگری لە ئێران دەکرێت سامانە داراییەکانی بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکان بەکار بهێنێتەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە رێککەوتنێکی گشتگیر و مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گرژییەکان؛ ئاگربەست لە لوبنان و کردنەوەی گەرووی ستراتیژیی هورمزیش بەشێکن لە رێککەوتنەکە.
بڕیارە رۆژی هەینی، 19ـی حوزەیرانی 2026، ئەم رێککەوتنە لە سویسرا بە فەرمی واژۆ بکرێت، بەمەش کۆتایی بەو قەیرانە دێت کە گیانی هەزاران کەسی کردە قوربانی و بازاڕی جیهانیی وزەی تێکدا.
بەپێی میدیاکانی ئێران یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی 14 خاڵی ئامادە کراوە. تێیدا 24 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە ماوەی 60 رۆژی دانوستانەکاندا ئازاد دەکرێت، بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکانیش نیوەی ئەو بڕە پارەیە پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان دەدرێتە ئێران. لە بەرانبەردا ئەمریکا داوای راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران دەکات بۆ ماوەی 15 بۆ 20 ساڵ.