نووسینی نەشیاوی سەر دیوارەکان لادەدرێت

رێکخراوی مەیپڵ تری بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی خۆیدا بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک و پاراستنی سیمای جوانی شارەکان، هەڵمەتێکی بە ناوی رەنگاڵە دەست پێ کردووە.

ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە لابردنی دروشم و نووسینی نەشیاو و ریکلامەکانە لەسەر دیواری شوێنە گشتییەکان. لە بەرامبەردا، ئەو دیوارانە بە ئاڵای کوردستان، وێنەی پێشمەرگە، دروشمی نەتەوەیی و وێنەی پەروەردەیی و ژینگەیی دەڕازێنرێنەوە.

هەڵمەتەکە لە 5ـی شوباتی 2025 دەستی پێ کردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. لەو ماوەیەدا، ژمارەیەک قوتابخانە، ژێرپرد و رێگای سەرەکی لە شارەکاندا نۆژەن کراونەتەوە و رازێنراونەتەوە.

رێکخراوەکە لە رێگەی میدیاکانەوە داوا لە هاووڵاتییان دەکات رێز لەو ماندووبوونە بگرن و چیتر دیواری شوێنە گشتییەکان پیس نەکەن. هەروەها جەختدەکاتەوە کە پێویستە هەمووان پێکەوە بەشداری لە جوانکردنی سیمای شارەکاندا بکەن و بست بە بستی وڵات بە ماڵی خۆیان بزانن.