محەمەد شوکری: ئامانجمان راکێشانی کۆمپانیا جیهانییەکانە بۆ پڕۆژەی ستراتیژی نانەوتی

شاندێکی باڵای بازرگانیی ئەمریکا لە هەولێرن

شاندێکی باڵای بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەمریکی گەیشتنە هەولێر. شاندەکە لە پێنج وەبەرهێنەری دیاری بواری پەرەپێدانی موڵک و ماڵ پێکهاتوون و ئامانجیان تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانە لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، بەتایبەت لە بوارە ستراتیژییەکانی دەرەوەی کەرتی نەوت.

دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "کوردستان24" رایگەیاند ئەم شاندە نوێنەرایەتی کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمریکی دەکەن کە بارەگای لە 18 وڵاتی جیهان هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد کە شاندەکە لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆدەبنەوە و ئامانج لێی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و هاندانیانە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورە لە کوردستان.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختی کردەوە، حکوومەت دەیەوێت سەرچاوەکانی داهات هەمەجۆر بکات، بۆیە گرنگییەکی زۆر بە وەبەرهێنانی ئەمریکی دەدرێت لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، دروستکردنی نەخۆشخانە و کەرتی گەشتوگوزار. گوتیشی: "سەرۆکوەزیران مەبەستییەتی ئەم کۆمپانیا جیهانییانە لە نزیکەوە واقعەکە ببینن و لە داهاتوودا پڕۆژەی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن."

محەمەد شوکری ئاشکرای کرد، لە مانگی تەممووزی داهاتوودا، فۆرمێکی ئابووریی تایبەت لە نێوان هەرێمی کوردستان و ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە واشنتن بەڕێوەدەچێت، ئەمەش وەک درێژەپێدەری ئەو هەوڵانەی بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی بۆ ناوخۆی وڵات دەدرێن.

بەپێی دوایین ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان،ئێستا 169 کۆمپانیای ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، کە لەو ژمارەیە 155 کۆمپانیایان لە شاری هەولێر نیشتەجێن و لە سێکتەرە جیاوازەکاندا چالاکییە بازرگانییەکانیان بەڕێوەدەبەن.

6 تشرینی یەکەمی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی ئەمریکا لە واشنتن ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردبووەوە و تێیدا ئاماژەی دابوو، لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان، شاندێکی باڵای ژووری بازرگانی ئەمریکی بە بەشداری کۆمپانیا جیهانییەکانی وەک (گوگڵ، ئای بی ئێم، ڤیزا، پێپسی کۆ و کۆکاکۆلا) سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. شاندەکە کە لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە پشتگیری دەکران، لە ماوەی دوو رۆژدا لەگەڵ باڵاترین بەرپرسانی هەرێم کۆبوونەوە تاوەکو لە نزیکەوە ئاشنای پڕۆژەکانی چاکسازی و دەرفەتە زێڕینەکانی وەبەرهێنان ببن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندە ئەمریکییەکە کرد. لە کۆبوونەوەکاندا کە وەزیرانی ناوخۆ، گواستنەوە، کشتوکاڵ و کارەبا ئامادەی بوون، مەسرور بارزانی جەختی لەسەر بەرنامەی چاکسازی و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات کردبووەوە. سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کردبوو بوونی هێزی کاری گەنج و پێگەی ستراتیژی هەرێم، کوردستان دەکاتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان تاوەکو کارەکانیان بەرەو عێراق و ناوچەکە فراوان بکەن.

شاندەکە تەنیا بە کۆبوونەوەی ژوورە داخراوەکان نەوەستان، بەڵکو سەردانی پڕۆژە ستراتیژییەکانیان کرد. لەنێویاندا "پڕۆژەی فریاگوزاری خێرایی ئاوی هەولێر"؛ هەروەها سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیارییان کرد بۆ بینینی هەنگاوەکانی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و دروستکردنی سیستەمێکی بێ کاغەز، کە ئەمەش سەرنجی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی وەک گوگڵ و ئای بی ئێمی راکێشا.

ستیڤ لوتێس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکی، سەردانەکەی بە "ئاماژەیەکی بەهێز" بۆ دەرفەتە ئابوورییەکانی کوردستان وەسف کردبوو. هاوکات محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لە نیوەڕۆخوانێکی تایبەتدا لەگەڵ شاندەکە، تیشکی خستەسەر ڕۆڵی کەرتی تایبەت و ئاسانکارییەکان بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی. وێندی گرین، کونسوڵی گشتی ئەمریکاش جەختی لە گرنگی هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت کردەوە بۆ گەشەی درێژخایەن.

لە کۆتایی گەشتەکەیاندا، ئەندامانی شاندە ئەمریکییەکە سەردانی قەڵای مێژوویی هەولێریان کرد وەک نیشانەیەک بۆ ڕێزگرتن لە مێژوو و کەلتوری دەوڵەمەندی ناوچەکە، ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی هاوبەشییەکەیان تەنیا ئابووری نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی مرۆیی و کەلتوری قووڵیشە.