شادمان مەلا حەسەن: لاهوور شێخ جەنگی و براکانی وەک بارمتە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت

شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە "بەرەی گەل"
شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە "بەرەی گەل"

سەرکردەیەکی "بەرەی گەل" دەڵێت، لاهوور شێخ جەنگی و براکانی رووبەڕووی زوڵمێکی گەورە بوونەتەوە و وەک بارمتە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئاماژەی بەوە دا، کێشەکانیان سیاسییە و خێڵەکی نییە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە "بەرەی گەل" رایگەیاند، لاهوور شێخ جەنگی و براکانی زوڵمێکی زۆریان لێ دەکرێت و وەک بارمتە دەستگیرکراون و مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

 روونیشی کردەوە، دادگاکانی سلێمانی نیشانەی پرسیاری گەورەیان لەسەرە، بەهۆی بێلایەن نەبوونیان لە بڕیارداندا کاتێک لایەنێک هێزی سەربازی بەکاردەهێنێت. بۆیە داوای کرد دادگاکان بگەڕێنەوە سەر رێچکەی راستەقینەی خۆیان و سەروەر بن.

ئەو سەرکردەیەی بەرەی گەل ئاماژەی بەوە کرد، پرسی لاهوور شێخ جەنگی پرسێکی خێڵەکی نییە، بەڵکوو کێشەیەکی سیاسییە. 

لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانیشەوە، روونی کردەوە، پەرلەمان بنەڕەتیترین دەستکەوتی دیموکراسیی گەلی کوردە و نابێت بکەوێتە ژێر کاریگەریی لایەنە سیاسییەکان، بەڵکوو پێویستە رۆڵی راستەقینەی خۆی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و چاودێریکردنی دۆخەکەدا ببینێت.

 شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا. 

لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.