پزیشکانی ددانی عێراق مانگرتنی سەرتاسەرییان راگەیاند
سەندیکای پزیشکانی ددانی عێراق بەهۆی پشتگوێخستنی داواکارییەکانیان لە لایەن حکوومەتەوە، بڕیاری مانگرتنی گشتییان لە کەرتی تایبەت راگەیاند. سەندیکاکە ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە ساڵێکە هەوڵ دەدەن و خۆپێشاندان دەکەن، بەڵام هیچ وەڵامێکی کردەییان وەرنەگرتووە، بۆیە رۆژی پێنجشەممە نۆژەنخانەکانی ددان دادەخرێن.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی سەندیکای پزیشکانی ددانی عێراق کە واژۆی دکتۆر ئەردەکان موسلیم عەزاوی، نەقیبی پزیشکانی لەسەرە، بڕیار دراوە رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی 18ی حوزەیرانی 2026، مانگرتنی گشتی لە کەرتی تایبەت و نۆژەنخانەکانی ددان رابگەیەنرێت. پزیشکان داوا دەکەن یاسای پلەبەندیی پزیشکی جێبەجێ بکرێت و دەرچووانی ساڵی 2023 دەستبەجێ دابمەزرێن، هەروەها گرێبەست لەگەڵ دەرچووانی ساڵانی 2024 و 2025 بکرێت.
لە بەیاننامەکەدا رەخنەی توند لە وەزارەتی دارایی و شارەوانییەکان گیراوە سەبارەت بە وەرگرتنی باجی زۆر و "نادادپەروەرانە". پزیشکان دەڵێن؛ دوای ئەوەی لێژنە هاوبەشەکان گەیشتنە چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی باج، وەزیری پێشووی دارایی بە ئەنقەست هەموو بڕیارەکانی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش باری دارایی پزیشکانی گران کردووە.
یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی سەندیکاکە، هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی "نشینگەی دێرینە" (الاقامة القدمى)، کە بە وتەی ئەوان سیستەمێکی نادادپەروەرانەیە و پێچەوانەی رێنماییە کارپێکراوەکانە.
سەندیکای پزیشکانی ددان هەموو لقەکانی لە پارێزگاکان راسپاردووە کە چاودێری جێبەجێکردنی مانگرتنەکە بکەن و کۆنفرانسی رۆژنامەوانی بۆ خستنەڕووی مەینەتییەکانیان ساز بکەن. هاوکت هۆشدارییان داوە، ئەگەر حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدەم داواکانیانەوە نەیەن، پزیشکانی کەرتی حکوومیش دەست بە هەڵوێستی توند و "پەرەپێدانی ناڕەزایەتییەکان" دەکەن.