مەزڵووم عەبدی هەسەدە ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستان دەکات
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای دەکات، کە لە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیدا لە هەولێر، پرسی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ حکوومەتی سووریا تاوتوێ کراوە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارەیەکی سیاسیی گشتگیر بۆ تەنگژەی سووریا.
سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، کە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر شەرەفمەند بووە بە کۆبوونەوە لەگەڵ تۆم بەڕاک، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق، و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
عەبدی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا چەندین دۆسیەی گرنگ تاوتوێ کراون، کە دیارترینیان بریتین لەو هەنگاوە فەرمییانەی پەیڕەو دەکرێن بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە و دامەزراوەکانی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لە ناو حکوومەتی سووریادا، لەگەڵ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی کە دەبنە هۆی بەهێزکردنی پرۆسەی سیاسی و چەسپاندنی سەقامگیری لە وڵاتەکەدا.
هەروەها فەرماندەی گشتیی هەسەدە روونی کردووەتەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پشتگیریکردنی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر کراوەتەوە، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی چارەیەکی سیاسیی گشتگیر لە سووریا بە شێوەیەک کە بەشداریی فەرمیی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی سووریا لە حکوومەت و لە پرۆسەی داڕشتنەوەی داهاتووی وڵاتەکەدا گەرەنتی بکات.
مەزڵووم عەبدی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگ و هاندەری هەرێمی کوردستان کردووە لە چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەیی و پێشخستنی پرۆسەی دیالۆگی نێوان لایەنە جیاوازەکان، بە ئامانجی خزمەتکردنی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا.