لە کۆیە پێشانگەیەکی شێوەکاری تایبەت بە مێژوو و ناسنامەی شار دەکرێتەوە
لەلایەن سەنتەری چالاکی گەنجان، پێشانگەیەکی شێوەکاری لەژێر ناونیشانی "پێشانگەی شوێنەوار"، لە کۆیە، لە ماڵی زەینەب خان دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی حوزەیرانی 2026، هونەر تاهیر، سەرپەرشتیاری ئەو پێشانگە شێوەکارییە بە کوردستان24ی گوت، " ئەو پێشانگەیە نزیکە 40 تابلۆی 17 هونەرمەند پیشان دەدرێت، کە سەرجەم تابلۆکان تیشک دەخاتە سەر مێژوو، شوێنە کۆنەکان و ژیانی رۆژانەی شار. تابلۆکان بە شێوازێکی بینراو و رەنگکاریی جیاواز، وێنەی ناسنامەی کۆیە و ئەو یادەوەرییانە دەخەنەڕوو کە لە رێگەی شوێن و کولتووری ناوخۆییەوە دروست بوون. هەروەها پێشانگەکە بە شێوەیەکی هونەری هەوڵ دەدات پەیوەندی نێوان مێژوو و ئێستای شار روون بکاتەوە، لە رێگەی وێنەی بیناسازی کۆن، شوێنە مێژووییەکان و دیمەنی ژیانی خەڵک."
هونەر تاهیر گوتیشی، "ئەم پێشانگەیە گرنگییەکی زۆری هەیە لە پەرەپێدانی هۆشیاری کولتووری و هونەری لە ناو گەنجان. ئەوە دەخوازێت بینەر بە یادەوەری شارەکەوە پەیوەست بکات و هەست بە بەهای مێژوو و ناسنامە بکات. هەروەها وەک پلاتفۆرمێک کار دەکات بۆ نزیککردنەوەی گەنجان لە هونەر و هاندانیان بۆ بەکارهێنانی شێوەکاری وەک ئامرازێکی دەربڕینی فکری و کولتووری."
هونەر تاهیر باس لە ئامانجی کردنەوەی ئەو پێشانگەیە دەکات و دەڵێت، "ئامانجی سەرەکی ئەم پێشانگەیە پاراستنی ناسنامەی شار و گواستنەوەی مێژوو بە شێوەیەکی هونەرییە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بینەر لە رێگەی تابلۆکانەوە نزیکتر ببێتەوە لە مێژوو و شوێنە گرنگەکانی کۆیە. هەروەها ئامانجێکی دیکەی ئەوەیە کە هاندانی بەشداریی هونەرمەندان و دروستکردنی دیالۆگێک لە نێوان هونەر و کۆمەڵگە بێت، بۆ ئەوەی هونەر ببێتە بەشێک لە پاراستنی کولتوور و ناسنامەی ناوچەکە."
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، لەلایەن سەنتەری چالاکی گەنجان، سەر بە رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، پێشانگەی شوێنەوار، لە کۆیە لە ماڵی زەینەب خان دەکرێتەوە.