هەولێر و بەغدا میکانیزمی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان تاوتوێ دەکەن
شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق، بە مەبەستی گفتوگۆکردن و دابینکردنی پاراستنی ئاسمانی بۆ دامەزراوە و کێڵگە نەوتییەکان، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی سەرۆکی ئەرکانی سوپا، جێگری سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، بە سەرۆکایەتیی شاندێک، سەردانێکی مەیدانیی بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجامدا."
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم سەردانە مەیدانییە لەسەر رێنمایی راستەوخۆی سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق و بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی ئەرکانی سوپا بۆ ئۆپەراسیۆنەکان بەڕێوەچوو. شاندە سەربازییەکە لە هەریەک لە فەرماندەی هێزە وشکانییەکان قاسم محەمەد ساڵح، جێگری فەرماندەی بەرگریی ئاسمانی، حەسەن نووری فەرحان، جێگری بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی و لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای ئەرکان و نوێنەرانی دەزگا ئەمنییەکان پێکهاتبوو.
بە پێی راگەیەنراوەکە، شاندە باڵاکەی عێراق لە لایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی چەند سەرکردەیەکی سیاسی و ئەمنیی هەرێم پێشوازیی لێکرا. پاشان هەردوولا کۆبوونەوەیەکی فراوانیان بەڕێوەبرد، کە تێیدا پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هاوئاهەنگیی هاوبەش و دابینکردنی تەواوکاریی ئەمنی بۆ پاراستنی دامەزراوە هەستیار و ستراتیژییەکان تاوتوێ کرا.
لە بەشێکی دیکەی ئەم بەسەرکردنەوەیەدا، شاندە سەربازییەکە گەشتێکی مەیدانیی بۆ چەند کێڵگەیەکی نەوتیی ستراتیژی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک ئەنجامدا. گەشتەکە کێڵگەی نەوتیی شێخان، خورمەڵەی سەر بە گرووپی "کار"، فیشخابوور و خابووری گرتەوە، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە کارایی رێوشوێنە پارێزگارییەکان و هەڵسەنگاندنی ئاستی ئامادەیی ئەمنی و شەڕکەریی هێزە جێگیرکراوەکان لەو شوێنانەدا.
وەزارەتی بەرگری روونیشی کردووەتەوە، کە تەوەرەی سەرەکیی کارەکانی شاندەکە تەرخانکرابوو بۆ دیاریکردنی پێداویستییە لۆجیستی و تەکنیکییەکانی جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە دەوروبەری دامەزراوە نەوتییەکان. ئەم هەنگاوە ئامانجی پاراستنی ژێرخانی ئابووریی وڵات و زامنکردنی بەردەوامیی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنە لەم شادەمارە گرنگانەدا.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەش کراوە، جێگری سەرۆکی ئەرکانی سوپا بۆ ئۆپەراسیۆنەکان جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگی و هاوکاریی توندوتۆڵی نێوان دامەزراوە سەربازییە فیدراڵییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و، ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان دەدرێن لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و پاراستنی سامانە ئابوورییەکانی وڵاتدا.