بەقایی: یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە واژۆ کرا
ئەکسیۆس: ئەمریکا و ئێران یاداشتەکەیان واژۆ کرد
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمشەو بە شێوەیەکی فەرمی و لە ڕێگەی "واژۆی ئەلیکترۆنییەوە" یاداشتی لێکتێگەیشتنی "ئیسلام ئاباد"یان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ واژۆ کرد. دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی ڤێرسای فەرەنسا دەقەکەی واژۆ کرد و بەمەش ڕێککەوتنەکە دەستبەجێ چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێنجشەممە 18ی حوزەیرانی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە ڕایگەیاند، پرۆسەی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە نێوان واشنتن و تاران بە شێوەیەکی دوورەدەست ئەنجام دراوە. بەپێی زانیارییەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی ئێوارە خوانێک لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک فەرەنسا لە "کۆشکی ڤێرسای"، بە شەخسی کۆپییەکی ڕێککەوتنەکەی واژۆ کردووە و وێنەی دەقە واژۆکراوەکە بۆ ئێرانییەکان و وڵاتانی نێوەندگیر نێردراوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، یەکلابوونەوەی ڕێککەوتنەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: "لەم ساتەدا کە قسە دەکەم، دەقی یادداشتی ئیسلام ئاباد گەیشتووەتە دەست سەرۆکەکانی هەردوو وڵات بۆ واژۆکردن." بەقایی جەختی کردەوە لەمەودوا هەر پێشێلکارییەک لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت، باجێکی زۆر قورسی دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، کە هەرچەندە پێشتر بڕیار بوو شاندەکانی هەردوولا لە جنێڤ یان برۆکسل کۆببنەوە، بەڵام بڕیار درا واژۆکردنەکە بە شێوەی دیجیتاڵی بێت، بۆیە هیچ مەراسیمێکی فەرمی لە سویسرا بەڕێوە ناچێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە "گواستنەوەی ماددەی ئەتۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات لای ئێمە هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە." سەبارەت بە چارەنووسی ئەو ماددانەش، ئاماژەی بەوە کرد کە "ڕوونکردنەوە یان شلکردنەوە (Dilution) ماددە پیتێنراوەکان بژاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو ئێستا وەک یەکێک لە ئەگەرەکان خراوەتە ڕوو تاوەکو دەرگا بە ڕووی چارەسەرەکانی دیکەدا دانەخرێت."
بەقایی ئاشکرای کرد کە یادداشتی لێکتێگەیشتنەکە بە هەردوو زمانی فارسی و ئینگلیزی واژۆ کراوە. گوتیشی: "ئەگەر تەنیا دەقە ئینگلیزییەکە بوایە، ڕەنگە وەرگێڕانەکەی ببێتە هۆی دروستبوونی جیاوازی لە لێکدانەوە و تەفسیرکردنی بەندەکان، بەڵام ئێستا کە هەردوولا دەقە فارسییەکەشیان واژۆ کردووە، ڕێگری لە هەر ناکۆکییەک لە داهاتوودا دەکرێت."
بەقایی هۆشداریی دایە لایەنی ئەمریکی و ڕایگەیاند: "لە ماوەی ئەو 60 ڕۆژەی بۆ دانوستان دیاری کراوە، نابێت لایەنی بەرامبەر هیچ هەنگاوێک بنێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی خۆی لە ناوچەکە یان سەپاندنی سزای نوێ." جەختیشی کردەوە کە هەر جووڵەیەکی لەو شێوەیە وەک پێشێلکردنی ڕاشکاوانەی ڕێککەوتنەکە لە قەڵەم دەدرێت.
بەقایی ئاشکرای کرد کە پڕۆسەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر نەوتی وڵاتەکەی لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و بە درێژایی ماوەی دانوستانەکان بەردەوام دەبێت. سەبارەت بە داراییە سڕکراوەکانیش، گوتی: "پێویستە هەر کاتێک بڕیارمان دا، بتوانین داراییەکانمان بۆ هەر کڕینێک کە خۆمان دەمانەوێت بەکاربهێنین." ئاماژەی بەوەش کرد کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا دانوستانی زۆر ورد لەسەر ئەم پرسە کراوە و ئەمریکا بەڵێنی داوە هەموو ئاستەنگەکان لاببات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەقایی ڕایگەیاند، بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان وەک پێشێلکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە دەبینرێت. ئاماژەشی دا، "ئێمە ئەمریکا و ئیسرائیل لە یەکتر جیا ناکەینەوە. ئیسرائیل نایەوێت هیچ دەرفەتێک بە دیپلۆماسی بدات، بەڵام بەرپرسیارێتی ئەمریکایە کە ئیسرائیل ناچار بکات ڕێز لەو بەڵێنانە بگرێت کە واشنتن لەم ڕێککەوتنەدا بە ئێرانی داوە."
ئەم ڕێککەوتنە کە ئەمشەو بە فەرمی چووە واری جێبەجێکردنەوە، کۆتایی بەو شەڕە دەهێنێت کە چەندین مانگە ناوچەکەی گرتووەتەوە و ڕێگە بۆ ئاساییکردنەوەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و هەناردەی نەوت خۆش دەکات.
دەقی 14 خاڵەکەی رێککەوتنەکە
1. راگرتنی جەنگ: کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان. هەردوولا بەڵێن دەدەن هیچ جۆرە هێرش و هەڕەشەیەک دژی یەکتری ئەنجام نەدەن.
2.سەروەریی خاک: هەردوو وڵات پابەند دەبن بە رێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتری.
3. وادەی دانوستان: هەردوولا 60 رۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
4. کشانەوەی ئەمریکا: واشنتن دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبات و لە ماوەی 30 رۆژدا هاتوچۆی کەشتییەکان ئاسایی دەبێتەوە. هەروەها ئەمریکا لە ماوەی 30 رۆژ دوای رێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران دەکێشێتەوە.
5. کەشتیوانی: ئێران لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو ئاستەنگە تەکنیکییەکان و مینە دەریاییەکان لادەبات تاوەکو هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بۆ دەریای عومان ئاسایی بێتەوە.
6. ئاوەدانکردنەوەی ئێران: ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی پلانێکی گشتگیر بە بەهای کەمتر لە 300 ملیار دۆلار بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن.
7. هەڵگرتنی سزاکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان (سەرەتایی، لاوەکی، بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی ئەتۆمی) بەپێی خشتەیەکی کاتی.
8. بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت. چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و پێداویستییە ئەتۆمییەکانی تاران لە رێککەوتنی کۆتاییدا یەکلایی دەکرێنەوە.
9. پاراستنی دۆخی ئێستا: تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئێران گۆڕانکاری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکات و ئەمریکاش سزای نوێ ناتەقێنێت و هێزی نوێ نانێرێتە ناوچەکە.
10. هەناردەی نەوت: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەستبەجێ مۆڵەتی تایبەت دەردەکات بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی بفرۆشێت.
11. ئازادکردنی داراییەکان: هەموو پارە و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ هەر خەرجییەک کە وڵاتەکە بیەوێت.
12. چاودێری: میکانیزمێکی کارگێڕی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە و پابەندبوونی هەردوولا دادەمەزرێت.
13. مەرجی بەردەوامی: دوای دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی (4، 5، 10 و 11)، هەردوولا تەنیا لەسەر ئەو خاڵانەی ماونەتەوە دانوستان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی دەکەن.
14. پەسندکردنی نێودەوڵەتی: رێککەوتنی کۆتایی دەبێت لە رێگەی بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند بکرێت.