پارێزگاری بەغدا: ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردن و وەبەرهێناندا سەرکەوتووە

پارێزگاری بەغدا و هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا جەخت لەسەر بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات دەکەنەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، عەتوان عەتوانی پارێزگاری بەغدا ستایشی ئەزموونی ئیداریی هەرێمی کوردستانی کرد و ئومێد خۆشناویش رایگەیاند، دەیانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگاکاندا بکەنەوە.

عەتوان عەتوانی، پارێزگاری بەغدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پێویستە تەواوی هەوڵەکان بۆ دابینکردنی داهاتی نانەوتی چڕبکرێنەوە و چیتر تەنیا متمانە بە نەوت نەکرێت. گوتیشی: "ئەو دۆخەی لە چەند مانگی رابردوودا پێیدا تێپەڕین زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بوو بۆ ئێمە کە دەبێت حیسابی هەموو جۆرە قەیرانێک بکەین."

پارێزگاری بەغدا ستایشی شێوازی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەدان و وەبەرهێناندا ئەزموونێکی سەرکەوتووە، حکوومەت بە تەنیا ناتوانێت گەشەپێدان بکات، بۆیە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت و سوودوەرگرتن لەم ئەزموونە بۆ ئێمە زۆر گرنگە."

لە لایەکی دیکەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین کۆبوونەوەی گرنگیان ئەنجامداوە و گوتی: "ئومێدێکی زۆرمان لەسەر حکوومەتی نوێی عێراق داناوە و دەمانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکان بکەینەوە."

پارێزگاری هەولێر جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە پەیوەندیی نێوان پارێزگاکانی عێراق باشتر بکرێت، چونکە بە گوتەی ئەو "بەهۆی شێوازی حوکمڕانی هەڵە لە رابردوودا، دوورکەوتنەوەیەکی تەواو لە نێوان پارێزگاکانی عێراقدا هەبوو."