شارەوانی هەولێر هەڵمەتێکی فراوان بۆ لادانی سەرپێچییەکان لە شوێنە گشتییەکان دەستپێکرد
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، رایگەیاند،؛ تیمەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامییەت، هەڵمەتێکی بەردەوامیان بۆ ڕێگری لە کێشانی نێرگیلە و لادانی سەرپێچییەکان لە شوێنە گشتییەکان دەستپێکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، رایگەیاند؛ لیژنەکانیان لە هەر شوێنێکی گشتیی نێرگیلە ببینن، دەستبەجێ تەلەفی دەکەن. هەروەها رایگەیاند: "تیمەکانمان هەڵمەتێکی فراوان لە گەڕەکەکانی هەولێر بۆ لادانی سەرپێچییەکان ئەنجام دەدەن."
سەبارەت بەو ماڵانەی کە رێگەی گشتییان گرتووە، رێبین ئەحمەد روونی کردەوە: "وەک شارەوانی رێگری ناکەین لەوەی هاووڵاتیان لەبەردەم ماڵەکانیان سەوزایی دروست بکەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین کەپڕ، گەراج یان هەر جۆرە بینایەک لەسەر رێگەی گشتی دروست بکرێت. هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیەش هەبێت، بە ئامێری شۆفڵ و قەڵاب لادەدرێن."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە زۆریی ژمارەی سەرپێچییەکان، ناوبراو گوتی: "لە شاری هەولێر نزیکەی 10 هەزار حاڵەتی سەرپێچی کۆن هەن، کە دەستکاریکردنی هەموویان لە یەک کاتدا دەبێتە هۆی دروستبوونی فەوزا لە شارەکەدا، بەڵام بڕیارمان داوە بە هیچ شێوەیەک رێگە بە دروستکردنی سەرپێچی نوێ نەدەین."
سەبارەت بەو سکاڵایانەی لە سۆشیال میدیا دەربارەی گەڕەکەکان بڵاوکراونەتەوە، کە گوایە لە ناو پارکەکاندا باخچەی تایبەت دروست کراوە و رێگەی گشتییان گرتووە، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکان جەختی کردەوە: "لە ناو پارکەکاندا رێگە بە هیچ باخچەیەکی تایبەت نادرێت. داواشمان کردووە زانیاری وردمان لەسەر ئەو شوێنانە بۆ بنێردرێت تاوەکو راستەوخۆ بەدواداچوونی بۆ بکەین و سەرپێچییەکان لادەین."