وەزیری تەندروستی: هەولێر بووەتە ناوەندێکی پزیشکیی جیهانی

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی هەولێر، رایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورەی لە پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی ناوە و ئێستا پزیشکانی کورد لەڕووی زانستی و کردارییەوە هاوشانی پزیشکانی جیهانن.

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ هەناوبینی و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس (EGE) لە گوتارێکیدا دەستخۆشی لە رێکخەرانی کۆنفرانسەکە کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییە زانستییانە بەشێکە لە بەرنامەی وەزارەت بۆ "پەرەپێدانی پزیشکی بەردەوام (CME)". گوتیشی: "پێویستە کەرتی تەندروستی بەردەوام لەگەڵ پێشکەوتنەکان بڕوات، هەم لەڕووی تیۆری و هەم لەرووی ئامێر و تەکنەلۆژیای پزیشکییەوە، بۆ ئەوەی پزیشکانمان لە نوێترین شێوازەکانی چارەسەر دانەبڕێن."

دکتۆر سامان بەرزنجی جەختی کردەوە، شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان ئێستا تەنیا شوێنێک نین بۆ چارەسەرکردنی نەخۆش، بەڵکو بوونەتە ناوەندێکی گرنگی زانستی و فێربوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئاستی زانستی و لێهاتوویی پزیشکانی هەرێم لە ئاستێکی بەرزدایە و هیچیان لە پزیشکانی وڵاتانی دیکە کەمتر نییە، ئەمەش وای کردووە ئاڵوگۆڕی شارەزایی لەگەڵ وڵاتانی دیکە و شارەکانی عێراق بەردەوام بێت.

وەزیری تەندروستی تیشکی خستە سەر رۆڵی هەناوبینی لە گۆڕینی سیستەمی چارەسەری و گوتی: "هەناوبینی بووەتە بەدیلێکی سەرکەوتوو بۆ زۆرێک لە نەشتەرگەرییە گەورە و قورسەکان، ئەمەش بووەتە هۆی رزگارکردنی ژیانی زۆرێک لە نەخۆشان و کەمکردنەوەی رێژەی مردن، بەتایبەت لە حاڵەتە فریاکەوتنەکانی خوێنبەربوونی کۆئەندامی هەرس."

سەبارەت بە پلانی داهاتووی وەزارەت، سامان بەرزنجی ئاشکرای کرد، ئاراستەی ئەوان بەرەو ئەوەیە خزمەتگوزارییەکانی هەناوبینی و ئامێرە پێشکەوتووەکان تەنیا لە سەنتەری شارەکاندا نەمێننەوە، بەڵکو بگەیەنرێنە ئیدارە سەربەخۆکان و قەزاکانیش، تاوەکو رۆتینی هەواڵەکردنی نەخۆش کەم بێتەوە. هەروەها هیوای خواست سەنتەرەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک ببنە ناوەندیی نێودەوڵەتیی بۆ راهێنانی پزیشکانی بۆردی عەرەبی و عێراقی.

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بە بەرنامەیەکی گرنگ دا بۆ "رووپێوکردن و سکرینینگ" بە مەبەستی زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی گەدە و کۆڵۆن لە رێگەی هەناوبینییەوە، کە ئەمەش رۆڵێکی گەورە دەبینێت لە درێژکردنەوەی تەمەنی تووشبووان و سەرکەوتنی چارەسەرەکان.

وەزیر دووپاتی کردەوە، وەزارەت بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی پزیشکان و دابینکردنی نوێترین ئامێر و پێداویستییەکان بۆ سەنتەرە پزیشکییەکان.