راوێژكارێكی ناتانیاهۆ: پابەندی لێكتێگەیشتنی ئەمریكا و ئێران نابین
راوێژکارێکی نەتانیاهۆ رایگەیاند، تەلئەڤیڤ پابەندی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە لوبنان نابێت و ئیسرائیل لە باشووری لوبنان ناکشێتەوە.
ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری راوێژکارێکی بنیامین نەتانیاهۆوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، تەلئەڤیڤ خۆی بەو بەشەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران پابەند ناکات کە پەیوەندیی بە لوبنانەوە هەیە، چونکە ئەو رێککەوتنە بە کارەساتێکی ستراتیژی دەبینێت.
بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە، لەم چوارچێوەیەدا نەتانیاهۆ بە شێوەیەکی فەرمی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل بە هیچ شێوازێک لە باشووری لوبنان ناکشێتەوە تاوەکوو حیزبوڵڵا بە تەواوەتی چەک نەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر ترەمپ بە توندی رەخنەی لە هێرشەکانی تەلئەڤیڤ بۆ سەر بەیرووت گرتبوو و دووپاتی کردەوە، داوای لە ئێران کردبوو، لە وەڵامی هێرشەکانی سەر باشووری لوبنان، هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل تا رێککەوتنەکەیان پەکی نەکەوێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەقی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد. ئەم یاداشتنامەیە بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد ناسراوە، مەبەست لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بڕیارە سبەی هەینی 19ـی حوزەیران، بە میوانداریی پاکستان و بە پاڵپشتیی قەتەر رێوڕەسمێکی فەرمی لە سویسرا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەڕێوەبچێت. هەردوولا رێککەوتوون لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە چارەسەری کۆتایی و پابەند بن بە وەستاندنی هەموو جۆرە دوژمنایەتییەک لە سەرجەم بەرەکاندا.
دەقی 14 خاڵەکەی رێککەوتنەکە لەم لینکەدا بخوێنەوە