ئانۆ جەوهەر: کوردستان دەستەبەری مانەوەی مەسیحییەتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی، لە کۆبوونەوەی گشتیی کۆمەڵەی پەرلەمانیی نێودەوڵەتی بۆ ئۆرسۆدۆکس لە فینلەندا رایگەیاند: کە هەرێمی کوردستان بە هۆی سیاسەتە حەکیمەکانی گەل و سەرکردایەتییەکەیەوە، ئەزموونێکی بێوێنە و دەستەبەرێکی راستەقینەیە بۆ پاراستن و مانەوەی مەسیحییەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشداریی کرد لە کارەکانی 33ـەمین خولی کۆبوونەوەی گشتیی کۆمەڵەی پەرلەمانیی نێودەوڵەتی بۆ ئۆرسۆدۆکس کە لە هێلسینکیی پایتەختی فینلەندا لەژێر دروشمی: «کۆمەڵگە و کەمینە مەسیحییەکان لە کاتی تەنگژەکاندا: پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگە، دەوڵەت و کەنیسە.. ئاڵنگارییەکان و ناخۆشییەکان» بەڕێوەچوو.

عەبدۆکا لە گوتارێکدا کە لەبەردەم نوێنەرانی زیاتر لە 26 وڵاتی جیهان، پەرلەمانتاران، کەسایەتییە حکوومییەکان و سەرکردەکانی کەنیسە پێشکەشی کرد، بە وردی دۆخی مەسیحییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی خۆڕاگریی کۆمەڵگە رەسەنەکانی خستە روو. هاوکات جەختی کردەوە کە یەکێک لە دیارترین مۆدێلەکانی ئەم خۆڕاگرییە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت.

عەبدۆکا لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "مەزنترین وێنەی ئەم خۆڕاگرییە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بەدیار دەکەوێت. کاتێک تاریکستانی داعش ناوچەکەی داگیرکرد و کۆمەڵگەکان رووبەڕووی مەترسیی جینۆساید بوونەوە، کوردستان بێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی دەرگاکانی بە رووی ئاوارەکاندا واڵا کرد و پێشوازی لە زیاتر لە 120 هەزار مەسیحی کرد کە هیچ شتێکیان پێ نەبوو جگە لە باوەڕ، یادەوەری و هیوای دۆزینەوەی ناوچەیەکی ئارام."

هەروەها عەبدۆکا ئاماژەی بە هەڵوێستی مێژوویی و ئەخلاقیی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد لەو قۆناغە هەستیارەدا کە مەسیحییەکان وەک هاوبەشێکی راستەقینە لە نیشتماندا سەیر کران نەک وەک میوان یان بارگرانی.

ئانۆ جەوهەر، گوتە نەمرەکەی سەرۆک بارزانی بە بیر هێنایەوە کە ئاراستەی سەرکردایەتیی کەنیسە کرابوو: «یاخود پێکەوە دەژین و پێکەوە شەڕ دەکەین، یانیش پێکەوە دەمرین لەپێناو بەرگریکردن لە ئازادی و کەرامەتمان». وەزیری گواستنەوە و گەیاندن جەختی کردەوە کە ئەم وشانە تەنیا گوتارێکی سیاسی نەبوون، بەڵکو لە تەنگژەکاندا سەرچاوەی متمانە و دڵنیایی بوون بۆ خێزانە مەسیحییەکان.

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبدۆکا باسی لە واقیعی ئەمرۆی مەسیحییەکان لە هەرێم کرد و ستایشی دیدگای حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی کرد، کە تێیدا جەخت دەکرێتەوە تەنیا "پاراستن" بەس نییە، بەڵکو پێویستە کار بۆ "گەشەسەندن و بەهێزکردنی" پێکهاتەکان بکرێت بۆ ئەوەی لەسەر خاکی باووباپیرانیان گەشە بکەن.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن روونکردنەوەی دا کە ئەم ستراتیژییەتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رێگەی پاڵپشتیکردنی بونیادنانی کەنیسەکان، تەرخانکردنی زەوی بۆیان، کارکردنی زیاتر لە 50 قوتابخانەی حکوومی بە زمانی سریانی بۆ زیا لە شەش هەزار قوتابی، و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سریانی بۆ پاراستنی مێژوو و کەلەپووری ناوچەکە بەرجەستە دەبێت. هاوڕێ لەگەڵ دابینکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ گەنجان بە مەبەستی رێگریکردن لە کۆچکردن.

عەبدۆکا ئاماژەی بە "رۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان" کرد وەک نیشانەیەکی زیندووی باوەڕی گەل و سەرکردایەتیی کوردستان بە بەهاکانی پێکەوەژیان. هەروەها شاری "عەنکاوە"ـی وەک بەڵگەیەکی مێژوویی هێنایەوە و گوتی: "عەنکاوە، کە لە ساڵی 1991ـدا تەنیا دوو کەنیسەی تێدابوو، ئەمڕۆ لە سایەی هاوکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خاوەنی 17 کەنیسە و دامەزراوەی کەنیسەییە، لەگەڵ زانکۆ، نەخۆشخانە، قوتابخانە و چەندین دامەزراوەی خێرخوازی و مرۆیی سەر بە کەنیسە."

عەبدۆکا لە کۆتایی هوتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە پەیامی هەرێمی کوردستان روونە و داهاتووی مەسیحییەکان لە عێراقدا نابێت تەنیا لە کۆچکردنی بەردەوامدا کورت بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای "هاووڵاتیبوونێکی کارا و یەکسان" بونیاد بنرێت.

 بەشداربووان لە کۆنگرەی هێلسینکی، لە میانی گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ وەزیر ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا، سەرسامیی خۆیان بۆ مۆدێلی سەرکەوتووی پێکەوەژیان و جۆراوجۆریی ئایینی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و، وەک ئەزموونێکی دەوڵەمەند و پێشەنگ لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرد.