لە زاخۆ بەهۆی تەقینەوەی بوتڵێکی گاز11کەس بریندار بوون
بەهۆی تەقینەوەی بوتڵێکی گاز لە نێو ماڵێکدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 11 ئەندامی خێزانێک بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی دهۆک کران.
پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند؛ شەوی رابردوو لە گەڕەکی "شقا" لە زاخۆ، بوتڵێکی گاز لە نێو ماڵێکدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ئاگر لە ماڵەکە کەوتووەتەوە. لە ئەنجامی رووداوەکەدا 11 کەس کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن بریندار بوون.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی بریندارەکان، ئاماژە بەوە دراوە کە سەرجەمیان رەوانەی نەخۆشخانەی سووتاوی لە دهۆک کراون و لە ئێستادا لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.
رووداوی تەقینەوەی بوتڵی گاز لەو سنوورە یەکەمجار نییە؛ مانگی ئابی ساڵی رابردووش بەهۆی تەقینەوەی بوتڵی گازی ئۆتۆمبێلێک، دوو برا گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، پرسی سەلامەتی و بەکارهێنانی گاز بووەتە جێی بایەخی جیددی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 23ـی تشرینی دووەمی ئەنجوومەنی وەزیراندا، بڕیار درا بە توندکردنی ڕێنماییەکان و لێپرسینەوە لە پێوەر و ڕێکارەکانی سەلامەتی و مۆڵەتی پیشەکان، لەگەڵ دابینکردنی پێداویستییەکانی دامەزراوەکانی بەرگریی شارستانی، شارەوانی و تەندروستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.