وردەکاریی بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی مانگانە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری دا بەشەخۆراکی مانگانەی ئەو هاووڵاتییانە ببڕێت کە مووچەکانیان لە سەرووی ملیۆنێک دینارە، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێریش دەڵێت"لە ماوەیەکی نزیکدا بڕیارەکە بە تەواوی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."

سیامەند قادر، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە بڕیاردراوە هەر هاووڵاتییەک مووچەکەی لە ملیۆنێک زیاتربێت بەشە خۆراکی مانگانەی دەبڕدرێت، بە هەموو ئەو مادە خۆراکییانەی مانگانە دابەش دەکرێت.

بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، تەنیا بەشەخۆراکی سەر خێزان نابڕدرێت بەڵکوو تەواوی ئەندامانی خێزانەکە دەبڕدرێت.

هەروەها باسی لەوە کرد، لە ماوەیەکی نزیکدا بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئێستا پاسەوانانی سنوور ئەم بڕیارەیان گرتووەتەوە.

شەوی رابردوو، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند: هەر هاووڵاتییەک مووچەکەی لە ملیۆنێک دیناری عێراق زیاتربێت، بەشەخۆراکی مانگانەی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە دەبڕدرێت.