ئێران: وەڵامی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا دەدەینەوە
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی، جەخت لە چاودێرییەکی ورد بەسەر جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەک لە لایەن ئەمریکاوە، هەنگاوی بەرامبەری دیاریکراو دەگیرێتەبەر.
سکرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران دەداتەوە سەبارەت بە یادداشتی لێکتێگەیشتنی تاران و واشنتن. ئەنجوومەنەکە لە پەیامەکەیدا دڵنیایی دەداتە رێبەری وڵاتەکەی و گەلی ئێران کە فەرمان و رێنماییەکانی خامنەیی بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن.
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، ئەمریکا بە "پەیمانشکێن" ناو دەبات و جەخت دەکاتەوە کە بە بێمتمانەیییەکی تەواوەوە چاودێریی رەوتی دانوستانەکان و جێبەجێکردنی بەرنامەکان دەکەن. ئاماژە بەوەش دەکات ئەگەر هەر لادان و پێشێلکارییەک لە لایەن ئەمریکاوە روو بدات، بەپێی پلان و بەرنامەی پێشوەختەی داڕێژراو، وەڵامی هاوشێوە دەدەنەوە.
ئەم هەڵوێستەی ئەنجوومەنی ئاسایش دوای پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی دێت کە تێیدا رایگەیاندبوو، سەرباری ئەوەی بۆچوونێکی دیکەی هەبووە، بەڵام ڕەزامەندیی لەسەر واژۆکردنی یادداشتەکە داوە. ڕێبەری ئێران ئاماژەی بەوەش کردبوو، دانوستانە ڕاستەوخۆکان کە بڕیارە لە داهاتوودا بکرێن، بە واتای قبووڵکردنی رای ئەمریکا نییە و داواکارییە زێدەخوازییەکانی واشنتن قبووڵ ناکەن.