وەزیری دارایی ئیسرائیل: دەرگای دۆزەخ لە لوبنان بکەنەوە
دوای کوژرانی 4 سەربازی وڵاتەکەی لە باشووری لوبنان، وەزیری دارایی ئیسرائیل داوا دەکات "دەرگای دۆزەخ" لە لوبنان بکرێتەوە، هاوکات وەزیری ئاسایشی نەتەوەییش دەڵێت "دەبێت هەموو لوبنان بسووتێت".
رۆژی هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، بێزالێل سمۆتریتچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل لە کاردانەوەی بەرامبەر کوژرانی فەرماندەیەک و سێ سەربازی وڵاتەکەی لە تویتێکدا نووسیویەتی: "دەرگاکانی دۆزەخ لە لوبنان بکەنەوە". هاوکات ئیتامار بێن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل رایگەیاند، پێویستە بەرامبەر هێرشەکانی حیزبوڵڵا هەموو لوبنان بسووتێندرێت.
ئەم هەڵوێستە تووندانەی بەرپرسانی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، سوپای ئیسرائیل بە فەرمی کوژرانی 4 سەربازی خۆی لە باشووری لوبنان راگەیاند، کە یەکێکیان فەرماندەی فەوجی 52ی زرێپۆش بووە.
بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی ئیسرائیل، رووداوەکە شەوی رابردوو لە ناوچەی بەرزاییەکانی عەلی تاهیر لە نزیک رووباری لیتانی روویداوە؛ کاتێک تەنێکی گوماناوی بەر تانکێکی فەوجی 52 کەوتووە و بووەتە هۆی تێکشکانی تانکەکە و کوژرانی هەر 4 سەربازەکەی ناوەوەی. تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بزانرێت هێرشەکە لەرێگەی درۆنەوە بووە یان مووشەکی دژە تانک.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە هێرشێکی دیکەدا لە نزیک ناوچەی کەفر تبنیت، 17 سەربازی دیکەی ئیسرائیلی بریندار بوون.