کوەیت بەرهەمهێنانی نەوت لە رۆژێکدا دەگەیەنێتەوە دوو ملیۆن بەرمیل

ئاژانسی هەواڵی کوەیت بڵاویکردووەتەوە، کوەیت دەتوانێت لە هەفتەیەکدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بگەیەنێتە دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش لە کاتێکدایە لەمانگی ئایاری رابردوودا بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی کوەیت 573 هەزار بەرمیل بووە.

شێخ نەواف سعود سەباح، جێگری سەرۆک و بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی کوەیت، بە ئاژانسی هەواڵی کوەیتی راگەیاند، پێشبینی دەکەین بەیەک هەفتە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز بکەینەوە بۆ دووملیۆن بەرمیلی رۆژانە.

شێخ نەواف ئاماژەی بەوەشدا کاتێک کارکردنەوەی کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەندەرەکانی کوەیت دەستی پێکردەوە، دەتوانین بەرهەمهێنان بگەڕێنینەوە پێش جەنگ.

بەرهەمهێنانی کوەیت لە ماوەی رابردوودا بۆ خوار 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیبوو، هەرچەندە یەکێک لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی رێکخراوی ئۆپێک، بەڵام داخستنی گەرووی هورمز و نەبوونی شوێنی بەدیل بۆ هەناردەکردن، ناچار بووە بەرهەمهێنان کەمبکاتەوە، بەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ئەو وڵاتە هەبووە.

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران و کردنەوەی گەرووەکە وایکردووە بەرهەمهێنەرانی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئومێدێکیان بۆ بگەڕێتەوە کە جارێکی دیکە بەو قەبارە بەفراوانەی پێشوو نەوت بەرهەمبهێنن و هەناردەی بکەنەوە، کە قەبارەی بەرهەمهێنان بە نزیکەی 13 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا مەزەندە دەکرێت.

بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی کوەیت لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاند، دوای کردنەوەی گەرووی هورمز، کوەیت پێویستی بە 12 هەفتەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پێش جەنگ.

لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی 2026، تاران گەرووی هورمزی بەرووی کەشتییە بازرگانییەکانی داخست، بەمەش گورزێکی گەورەی لە ئابووری جیهان و بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشێوەی نرخی نەوت و گاز بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.