کاتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گۆڕدرا

کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتیی زەیدی
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتیی زەیدی

کاتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گۆڕدرا و لەمەودوا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەموو ئێوارەیەکی رۆژانی شەممە کۆدەبێتەوە.

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی کۆدەبێتەوە.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق گوتیشی: "بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران گۆڕدراوە."

حەیدەر عەبوودی باسی لەوەش کرد، لەمەودوا لەبری رۆژی سێشەممە، کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئێوارەی رۆژانی شەممە دەکرێت.

جەختیشی کردەوە، بڕیاری گۆڕینی کاتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، هەنگاوێکە بۆ خێراکردنی پرۆسەی جێبەجێکردنی کارەکان و باشترکردنی هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوەکاندا دەبینرێت، تاوەکو حکوومەت بتوانێت لە سەرەتای هەفتەوە بڕیارە گرنگەکان بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەوەتەی عەلی فالح زەیدی بووەتە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق شەش جار کۆبووەتەوە و کۆبوونەوەی ئەمڕۆش حەفتەمینە.

رۆژی پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026، پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 وەزیری کابینەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی نوێی فیدراڵ دا، بەڵام چەند وەزارەتێک بەتاڵ مانەوە و متمانەیان وەرنەگرت.