وەزیری ناوخۆی پاکستان گەیشتە ئێران

موحسین رەزا نەقەوی وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەل بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کەمێک لەمەوبەر گەیشتە مەشهەد.

ئاژانسی تەسنیم ئەمڕۆ شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، بڵاویکردەوە، سەردانەکەی وەزیری ناوخۆی پاکستان پەیوەستە بۆ بەدواداچوون لەبارەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، کە بڕیارە ئەمڕۆ لە سویسرا بەڕێوەبچێت و بۆ ئەم مەبەستەش شاندی دانوستانکاری ئێران بە سەرۆکایەتی عەباس عێڕاقچی وەزیری دەرەوە و شاندی ئەمریکاش بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوتوون.

بڕیار بوو دوێنێ هەینی دانوستانەکان دەست پێ بکەن، بەڵام بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دواخرا. هەواڵگرییەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل هەوڵ دەدات رێگری لە گەیشتن بە هەر جۆرە لێکگەیشتنێک لە نێوان واشنتن و تاران بکات.

هەروەها ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەنووسانی گوت: دەسپێکردنی قۆناخی داهاتووی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە "رێککەوتنی کۆتایی" بەندە بە جێبەجێکردنی پێنج بەندی سەرەکی یاداشتەکە، هاوکات ئاماژەی بە بەندەکانی (1، 4، 5، 10 و 11) کرد، کە بریتین لە، راگرتنی جەنگ، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، کردنەوەی گەرووی هورمز، ئازادکردنی داراییەکان و لێخۆشبوونی سزاکانی نەوت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەشبینی خۆی نیشانداوە، لە ماوەی 60 رۆژدا بەگوێرەی ئەو یاداشتنامەیەی چوارشەممەی رابردوو واژۆ کراوە هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ ئێران چارەسەر بکرێن.