حکوومەتی سویسرا بۆ کوردستان24: هەوڵی لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم دانوستانەکان دەدەین

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا دەڵێت، دیپلۆماتکاران لە هەوڵی هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تارانن. 

ئەمڕۆ شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە وەڵامی چەند پرسیارێکی ماڵپەری کوردستان24ـدا ئاشکرای کرد، هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی متمانەپێکراو و نهێنی بۆ ئاسانکاریکردن لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی بێرگنستۆک، کە ئامانج لێی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێرانە.

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ئاماژەی بەوە کردووە، دیپلۆماتکارانی چەند وڵاتێکی جیاواز لەوێ ئامادەن و بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ هێشتنەوەی دەرگای گفتوگۆکان.

هەروەها وەزارەتەکە روونی کردووەتەوە، لەپێناو پاراستنی نهێنییەکان ناتوانرێت زانیاری زیاتر لەبارەی ئامادەبووان و ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بدرێت.

هاوکات میدیاکانی ئەمریکا باسیان لەوە کردووە، ئەمڕۆ شەممە، 20ـی حوزەیران، هەر یەکە لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نوێنەرەکانی سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتوونەتە سویسرا بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکە و دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ شاندی ئێران. بەڵام تا ئێستا، تاران ناردنی هیچ شاندێکی بۆ سویسرا رانەگەیاندوو.ە 

بڕیار بوو رۆژی 19ـی حوزەیرانی 2026 لە هاوینەهەواری بێرگنستۆک لە سویسرا گفتوگۆی راستەوخۆ و واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچێت؛ بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە. لەم پرۆسەیەدا، وڵاتانی وەکوو قەتەر و پاکستان رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن. 

رۆژی پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەقی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد. ئەم یاداشتنامەیە بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد ناسراوە، مەبەست لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

دەربارەی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیار بوو لە سویسرا بکرێت، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کراوە، بۆیە کۆبوونەوەکەی سویسرا پێویست نەبوو.

بەپێی بەندەکانی رێککەوتنەکە پێویستە گەرووی هورمز بە رووی بازرگانیدا بکرێتەوە. هاوکات 60 رۆژ وەک قۆناغی تەکنیکی بۆ دانوستان لەسەر پرسە سەرەکییەکانی وەک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دیاری کراوە.