پزیشکانی بێسنوور دۆسیەیەکی ئابڕوبەرانەی لێ ئاشکرا دەبێت
دوای ئاشکرابوونی دۆسیەی سوودوەرگرتنی سێکسی لە ئافرەتانی ئاوارەی سوودانی لە کەمپەکانی رۆژهەڵاتی چاد، کە بە دۆسیەی "سێکس بەرامبەر بە هاوکاری" ناسراوە، شەپۆلێکی نارەزایەتی گەورەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە رێکخراوی "پزیشکانی بێ سنوور"ی فەرەنسی دانی بەوەدا نا کە کارمەند و بەڵێندەرانی سەر بە رێکخراوەکە دەستیان لەم پێشێلکاریانەدا هەبووە.
رێکخراوێکی هەرێمی تایبەت بە کاروباری مرۆیی هۆشداری دا، ئەم پرسە بوونی کەموکوڕی بنەڕەتی و مەترسیدار لەناو ژینگەی کارە مرۆییەکاندا دەردەخات، بەتایبەت لە ناوچەکانی ململانێ و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ، رێکخراوەکە داوای چاکسازیی ریشەیی لە سیستمی چاودێری، لێپرسینەوە و پاراستنی ئاوارە و پەنابەران دەکات.
لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، رێکخراوی "پزیشکانی بێ سنوور" رایگەیاند، پاش لێکۆڵینەوە لە 59 گومانلێکراو و سکاڵای پەیوەندیدار بە رەفتاری نەشیاو، بڕیاری داوە بە دوورخستنەوەی 18 کارمەند و بەڵێندەر و قەدەخەکردنی دووبارە دامەزراندنەوەیان، کە سکاڵاکان بریتی بوون لە خراپ بەکارهێنان، گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی دژی ئافرەتانی ئاوارەی سوودانی کە لە جەنگی دارفۆر بەرەو رۆژهەڵاتی چاد هەڵاتوون، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 1.48 ملیۆن ئاوارەی سوودانی لە وڵاتی چاد نیشتەجێن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا رێکخراوی ئەفریقی-ئەوروپی بۆ کاری مرۆیی و گەشەپێدان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "مەترسی ئەم دۆسیەیە تەنها لە خودی رووداوەکاندا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە نیشانی دەدات چەندە سیستمی پاراستن لاوازە، بەتایبەت کاتێک جەنگ، ئاوارەیی، هەژاری و داڕمانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵ بە نادادپەروەری هێز دەبن لە نێوان پێشکەشکارانی هاوکاری و سودمەندبووان."
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، گەشەسەندنی خێرای پرۆسە مرۆییەکان لە رۆژهەڵاتی چاد و پشتبەستنی زۆر بە دامەزراندنی ناوخۆیی و گرێبەستە کاتییەکان بەهۆی کەمیی بودجەوە، کەلێنی گەورەی چاودێری دروستکردووە و مەترسی پێشێلکارییەکانی زیادکردووە.
سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکە و خۆراک بەرانبەر بە سێکس
بەپێی راگەیەندراوەکە، سەرەتای دۆسیەکە بۆ کۆتایی ساڵی 2024 دەگەڕێتەوە، کاتێک رێکخراوەکە راپۆرتی لە زاری ئافرەتانی ئاوارەی سوودانییەوە پێگەیشت کە باسیان لە پێشێلکاری مەترسیدار لەلایەن کەسانی سەر بە رێکخراوە مرۆییەکان دەکرد، لێکۆڵینەوەکانی دواتر دەریانخست کە کارمەندان، بەڵێندەران، کرێکارانی رۆژانە و دابینکەرانی دەرەکی تێوەگلاون.
هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس و میدیاکان ئاشکرایان کردووە، هاوکارییەکانی وەک خۆراک، ئاو، شیر و دەرفەتی کار لەبەرامبەر پەیوەندی سێکسیدا پێشکەش کراون، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا کچانی خوار تەمەنی یاسایی کراونەتە ئامانج.
هەڵپەساردنی چالاکییەکانی رێکخراوەکە لە سوودان
لەکاردانەوەیەکی تونددا، حکوومەتی هاوپەیمانی دامەزراندن لە شارۆچکەی "نیالا" لە رۆژئاوای سوودان، بڕیاری دا چالاکییەکانی رێکخراوی پزیشکانی بێ سنووری فەرەنسی لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵیدان بەهۆی ئەم دۆسیەیەوە رابگرێت.
لە 15ـی نیسانی 2023، شەڕ و پێکدفادان لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سوودان روویدا، کە بەهۆیەوە دەیان هەزار کەس کوژراون و برینداربوون و بە ملیۆنان سوودانیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون، هەروەها دەیان منداڵیش لە برسان گیانیان لەدەستداوە.