پاکستان وادەی گفتوگۆکانی سویسرای ئاشکرا کرد

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، سبەی یەکشەممە دانوستانە تەکنیکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سویسرا دەستپێدەکەن؛ ئەم گفتوگۆ چڕانە کە بە بەشداریی نێوەندگیرانی پاکستان و قەتەر بە مەبەستی تاوتوێکردنی لایەنە تەکنیکییەکان بەڕێوە دەچن.

شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، وەک بەدواداچوون بۆ لێکتێگەیشتننامەی "ئیسلام ئاباد"، سبەی یەکشەممە، دانوستانە تەکنیکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە هاوینەهەواری بێرگنشتۆک لە سویسرا بەڕێوە دەچێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی ئاشتی، نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، شانبەشانی نێوەندگیرەکانی هەریەکە لە پاکستان و قەتەر، بەشداری لە گفتوگۆ چڕەکانی سویسرا دەکەن.

باسی لەوەش کردووە، مەبەست لەم کۆبوونەوانە تاوتوێکردنی لایەنە تەکنیکییەکان و پێشخستنی ئەو خاڵانەیە کە لە "لێکتێگەیشتننامەی ئیسلام ئاباد"دا لەسەری رێککەوتبوون.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵی کارای خۆی وەک نێوەندگیر، بە مەبەستی ئاسانکاری و سەرخستنی پڕۆسەی لێکتێگەیشتن لە نێوان واشنتن و تاراندا.

هەر ئەمڕۆ ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، شاندی وڵاتەکەمان سەردانی سویسرا دەکات و شاندەکەمان لە سویسرا چاودێری بەڵێنەکانی لایەنەی بەرانبەر دەکات.

هاوکات جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئاشکرای کرد، جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف نێردەکانی ترەمپ ئێستا لە سویسران و خەریکی تاوتوێکردنی لایەنە تەکنیکییەکانی رێککەوتنەکەن لەگەڵ ئێران، و خۆشی لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچێتە سویسرا.