درۆنێک لە نزیک ماڵی محەمەد حەلبووسی کەوتەخوارەوە

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە جۆری "شاهید 101" لە شارەدێی گەرمەی سەر بە پارێزگای ئەنبار و لە نزیک ماڵی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم کەوتەخوارەوە؛ بەهۆی رووداوەکەوە ئاگر لە سنووری ماڵومولکی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کەوتەوە و بێ زیانی گیانی لەلایەن بەرگریی شارستانییەوە کۆنتڕۆڵکرا.

شەممە 20ی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنیی تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند ، ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە جۆری "شاهید 101"ی دروستکراوی ئێران، لە نزیک ماڵی محەمەد رێکان حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم و سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە شارەدێی گەرمەی سەر بە پارێزگای ئەنبار کەوتەخوارەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، بەشێکی درۆنەکە لە نێو ماڵوموڵکی، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کەوتووەتەخوارەوە و بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکەوە ئاگر لە شوێنی رووداوەکە کەوتووەتەوە، بەڵام دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.

تا ئێستا لایەنە ئەمنییەکان هیچ روون کردنەوەیەکی فەرمییان نەداوە ئایا درۆنەکە کەوتووەتەوە یان خراوەتە خوارەوە. شارەدێی گەرمە بە پێگەی سەرەکی و بنکەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی محەمەد حەلبووسی و هەیبەت حەلبووسی هەژمار دەکرێت.

درۆنی شاهید 101 بەوە دەناسرێتەوە قەبارەیەکی بچووک و بزوێنەرێکی بێدەنگی هەیە، زۆرجار لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەوە بۆ هێرشی درێژمەودا و ورد بەکاردێت، بەهۆی نزمیی فڕینیشیەوە ئاشکراکردنی لەلایەن رادارەکانەوە قورسە.