ترەمپ: گەرووی هورمز بەبێ باج دەمێنێتەوە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، کە لە ماوەی 60 رۆژی ئاگربەست و دوای ئەو وادەیەش، هیچ جۆرە باجێک لە گەرووی هورمز وەرناگیرێت؛ بەڵام هۆشداری دا کە ئەگەر رێککەوتنی کۆتایی جێبەجێ نەکرێت، ئەوا واشنتن بۆ قەرەبووکردنەوەی تێچووە سەربازییەکانی، باجی تایبەت بە خۆی دەسەپێنێت.

شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) جەختی کردەوە گەرووی هورمز لە ماوەی 60 رۆژی ئاگربەستدا بە بێ بەرامبەر و بەبێ وەرگرتنی هیچ جۆرە باجێک بەڕووی کەشتییەکاندا واڵا دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم دۆخە بۆ دوای تەواوبوونی وادەی 60 رۆژەکەش بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند، تەنیا ئەمریکا مافی ئەوەی دەبێت باج بسەپێنێت، ئەوەش لە کاتێکدا ئەگەر رێککەوتنی ئاشتی بە تەواوی کۆتایی نەیەت.

ترەمپ ئەمریکای وەک فریشتەی پارێزەر بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسف کرد و گوتی: "ئەگەر رێککەوتنەکە سەرنەگرێت، ئەمریکا باج دەسەپێنێت بۆ وەرگرتنەوەی تێچووەکانی رابردوو، ئێستا و داهاتووی ئەو خزمەتگوزارییە ئەمنییانەی کە پێشکەشی ناوچەکەی کردووە."

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە واشنتن فشار دەخاتە سەر تاران و تەلئەڤیڤ بۆ جێگیرکردنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی، و کردنەوەی گەرووی هورمزیش وەک یەکێک لە دەستکەوتە سەرەکییەکانی ئەو رێککەوتنە لە قەڵەم دەدرێت کە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر نرخی وزە لە جیهاندا هەیە.