ڤانس و سەرکردەکانی پاکستان بەرەو سویسرا بەڕێکەوتن

شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە سویسرا

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و شاندێکی باڵای پاکستان بە سەرۆکایەتی شەهباز شەریف، بەرەو سویسرا بەڕێکەوتن؛ ئەمەش بە مەبەستی بەشداریکردن لە دانوستانە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە رێککەوتنی ئێران کە بڕیارە سبەی یەکشەممە دەستپێبکات؛ هاوکات میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، شاندی ئێران گەیشتە سویسرا.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی داوە، لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی "لێکتێگەیشتننامەی ئیسلام ئاباد"، بڕیارە سبەی یەکشەممە21ـی حوزەیرانی 2026 دانوستانەکان لە ئاستی تەکنیکی لە هاوینەهەواری بێرگنشتۆک لە سویسرا بەڕێوە بچن.

جگە لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، هەریەکە لە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و سەید عاسم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپا و هێزەکانی بەرگریی پاکستان، بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری لە گفتوگۆکاندا دەکەن.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ سویسرا رایگەیاند: "من بەرەو سویسرا بەڕێوەم، لەوێ شاندی ئێران تازە گەیشتوون و بڕیارە دانوستانەکان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بن." ڤانس جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەی ترەمپ هیوایەکی زۆری هەیە بتوانن پێشکەوتنی ڕاستەقینە لە دوو دۆسیەی هەستیاردا بەدەستبهێنن، کە ئەوانیش "دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران" و "پرسی ئاگربەست لە لوبنان"ن.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، بارودۆخی ناوچەکە پێویستی بە هێورکردنەوە هەیە و گوتی: "ئیسرائیل و لوبنان هەردووکیان خوازیاری ئاسایشن،

هاوکات لە میدیاکانی ئێران ڤیدیۆی گەیشتنی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەیان بۆ سویسرا بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، شاندی وڵاتەکەی چەندین بەرپرسی باڵای تێدایە کە گرنگترینیان بریتین لە: محەمەدباقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و گەورە دانوستانکار، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، عەلی باقری جێگری ئەمیندار ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، عەبدولناسر هیمەتی پارێزگاری بانکی ناوەندی، و حەمید بۆرد بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت

شاندە باڵاکەی پاکستان پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە فڕۆکەیەکی تایبەت ئیسلام ئابادیان بەرەو سویسرا جێهێشت. ئەم گەڕەی دانوستانانە بە یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران دادەنرێت، کە تێیدا وردەکارییە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئەتۆمی و ئاسایشی ناوچەکە و گەرەنتییەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە تاوتوێ دەکرێن.