تەندروستیی لوبنان: 7 کەس بە هێرشەکانی ئیسرائیل کوژران

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری لوبنان 7 کەس کوژران.

ئەم هێرشانە تەنیا رۆژێک دوای دەستپێکردنی ئاگربەست ئەنجامدران، کە بووەتە هۆی دروستبوونی گومان لەسەر توانای رێککەوتنەکە بۆ راگرتنی شەڕ. فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین شارۆچکەیان لە قەزای "نەبەتییە" کردە ئامانج، لەوانە (حەبوش، میفدون، نەبەتییەی سەروو، ئەلنومەیرییە، شەوکین، کەفەرجەوز، عەربسەلیم) و جەبەل رەفیع لە قەزای "جەزین". هەروەها هێرشەکان هەردوو شارۆچکەی "لەبایا" و "سەحمەر"یان لە بەقاعی رۆژئاوا گرتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، ئیسرائیل تەنیا لە کاتژمێری یەکەمی ئاگربەستدا نزیکەی 12هێرشی ئەنجامداوە. لە ئەنجامی بۆردومانەکاندا. 

تەندروستیی لوبنان رایگەیاند؛ سەربازێکی سوپای لوبنان لەسەر رێگای کەفەرمان کوژرا و چوار کەس لە شارۆچکەی باریش لە باشووری وڵات گیانیان لەدەستدا.

پێشتر ئیسرائیل رایگەیاندبوو جەنگ فراوان ناکات مەگەر رووبەڕووی هێرش ببێتەوە، بەڵام جەختی کردەوە، هێزەکانی لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان دەهێڵێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەم ئاڵۆزییانە کاریگەرییان کردووەتە سەر گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان؛ ئێران رایگەیاندووە، کۆبوونەوەیەکی بڕیارلێدراوی لە سویسرا بەهۆی ئەم هێرشانەوە دواخستووە. لە ئێستاشدا واشنتن و وڵاتانی ئەوروپا فشار دەکەن بۆ پاراستنی ئاگربەستەکە و رێگریکردن لە هەرەسھێنانی رێککەوتنەکە.