ئەمریکا داوای پشکنینی بنکە بۆردومانکراوەکانی ئێران دەکات

لە گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران کە لە سویسرا بەڕێوەدەچێت، ئەمریکا هەوڵدەدات رەزامەندی ئێران بەدەستبهێنێت بۆ رێگەدان بە پشکنەرانی نێودەوڵەتی تا سەردانی ئەو بنکە ئەتۆمییانە بکەن لە جەنگی دواییدا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومان کرابوون.

ماڵپەڕی "ئاکیۆس" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، واشنتن دەیەوێت ئەم گەڕەی گفتوگۆکان بە بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لەلایەن ئێرانەوە بۆ پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کۆتایی بێت، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ جددییەتی تاران لە پرۆسەی نوێی دانوستانەکاندا. ئاماژە بەوەش کراوە، دواین سەردانی پشکنەران بۆ ئەو بنکانە لە حوزەیرانی 2025 و پێش هەڵگیرسانی جەنگ بووە.

لەم دانوستانانەدا، جی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و شاندێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە بەشدارن. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئیدارەی ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا، رێگە بدات ئێران دەستی بە بەشێک لە پارە بلۆکەکراوەکانی لە دەرەوە بگات.

ئەم کۆبوونەوانە یەکەم گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەردوولایە لە دوای لووتکەی ئیسلام ئاباد، ئامانجیان داڕشتنی چوارچێوەیەکی کارکردنی 60 رۆژەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، لە سەرووی هەموویانەوە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە.

جگە لە بەشداری بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، وڵاتانی قەتەر و پاکستان وەک نێوەندگیر لە هەوڵەکاندا بەشدارن. بڕیاریشە دوای کۆتایی هاتنی گەڕی گفتوگۆ سیاسییەکان، کۆبوونەوەی شارەزایانی تەکنیکی هەردوولا بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکان بەردەوام بێت.