داعش بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی شاری مەنبەجی گرتە ئەستۆ

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، رێکخراوی داعش بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ کە کرایە سەر شاری مەنبەج لە پارێزگای حەلەب لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.

وەزارەتی بەرگری سووریا، دوێنێ شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، رایگەیاند، دوو سەربازی سوپای وڵاتەکە لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا لە نزیک شاری مەنبج، لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب کوژراون.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا (سانا) بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی بەرگری ئاماژەی کردووە: "دوو سەرباز لە کاتی هێرشێکی چەکدارانی نەناسراودا لە دەوروبەری شاری مەنبج گیانیان لەدەستداوە." لە بەیاننامەکەدا هیچ وردەکارییەکی زیاتر سەبارەت بە چۆنیەتی رووداوەکە یان ناسنامەی هێرشبەرەکان نەخراوەتە روو.

ئەم هێرشە لە چوارچێوەی زنجیرە هێرشەکانی داعشە لە مانگی شوباتەوە دەستی پێکردووە؛ ئەوەش دوای ئەوەی رێکخراوەکە دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع راگەیاند.